سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان دەستپێدەكات



سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان دەستپێدەكات

 [email protected]

 راگەیاندنی كۆلێج:

سبەی چوارشەممە، 15ی حوزەیرانی 2022، سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان لە هۆڵی كۆنفرانسی زانكۆی سلێمانی، دەستپێدەكات. بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە، لەكاتێكدایە جیهان لەبەردەم مەترسیی گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوادایە، هاوكات وشكەساڵی و بەبیابانبوون هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان، عیراق و ناوچەكە دەكەن، هەربۆیە كۆنفرانس دروشمی "كشتوكاڵی بەردەوام و ئاڵنگارییە جیهانییەكان"ـی هەڵگرتووە. كۆنفرانسەكە دوو رۆژ دەخایەنێت، زیاتر لە 150 توێژەر بە 49 توێژینەوە بەشداریی تێدادەكەن. توێژینەوەكان لە حەوت بواری جیاوازدا ئەنجامدراون. ئەو توێژەرانەی بەشداریی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان دەكەن، توێژینەوەكانیان لە گۆڤاری زانستی (ProEnvironment)دا بڵاودەبێتەوە، كە ئیندێكس كراوە لە كلاریڤەیت ئەنالیتیكس. حەوت سپیكەر، كە شەشیان لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا، ئاسیا، ئەفریقیاوە هاتوون، بەشداریی كۆنفرانسەكە دەكەن و لە رۆژی یەكەمدا، سیمیناری تایبەت پێشكەشدەكەن. د. كارزان تۆفیق، راگری كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانسەكەیە، دەڵێت، بەشێك لە توێژینەوەكان تایبەتن بەو گرفت و كێشە و ئاڵنگارییانەی روبەڕوی كشتوكاڵ و ژینگە بونەتەوە "لە راسپاردەكانی كۆتایی كۆنفرانسدا، خاڵ لەسەر پیتەكان دادەنێین". ئەمە سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانییە، پێشتر لە ساڵانی 2013 و 2018 دوو كۆنفرانسی دیكەی رێكخستووە. بۆ ئەمساڵ، كۆمپانیای رەزگە، كە لە بوارەكانی بازرگانی، كۆنتڕۆڵی جۆری و بەڵێندەرانیی گشتی كاردەكات، سپۆنسەری سەرەكیی كۆنفرانسەكەیە.

 





 2022-06-15
 289