سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان دەستیپێكرد



سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان دەستیپێكرد

 kosar othman([email protected])

 سێیەمین كۆنفرانسی زانستە كشتوكاڵییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 دەستیپێكرد. د. كارزان تۆفیق، سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانس، گوتی، پێویستە ئەم وڵاتەی خۆمان بخەینەوە سەر رێچكەی بنەڕەتیی خۆی، كە ئەویش كشتوكاڵكردنە. رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفرانسەكە، لە هۆڵی كۆنفرانسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو. د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، نوێنەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ ئامادەبوون. بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكە، لەكاتێكدایە جیهان لەبەردەم مەترسیی گۆڕانكارییەكانی ژینگە و كەشوهەوادایە، هاوكات وشكەساڵی و بەبیابانبوون هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان، عیراق و ناوچەكە دەكەن، هەربۆیە كۆنفرانس دروشمی "كشتوكاڵی بەردەوام و ئاڵنگارییە جیهانییەكان"ـی هەڵگرتووە. د. كارزان تۆفیق، راگری كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانسەكەیە، گوتی، پێویستە هەرێمی كوردستان بخرێتەوە سەر رێچكە بنەڕەتییەكەی خۆی، كە كشتوكاڵكردنە، بەڵام بە تەكنیك و شێوازی سەردەمیانە. د. كارزان تۆفیق، لە گوتاری تایبەتی كۆنفرانسدا، ئاماژەیدا بە ئاڵنگارییە جیهانییەكانی بەردەم ئاسایشی خۆراك، داوای لە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق كرد، ئەو ئاڵنگارییانە بەهەند وەربگرن و كاری بەپەلە و زانستی لەسەربكەن، تاوەكو جارێكی دیكە رەفەی ماركێتەكان خاڵی نەكرێنەوە لە خۆراك "وەكو ئەوەی لەسەردەمی كۆرۆنا بەسەر جیهاندا هات". كۆنفرانسەكە دوو رۆژ دەخایەنێت، زیاتر لە 150 توێژەر بە 49 توێژینەوە بەشداریی تێدادەكەن. توێژینەوەكان لە حەوت بواری جیاوازدا ئەنجامدراون. ئەو توێژەرانەی بەشداریی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستە كشتوكاڵییەكان دەكەن، توێژینەوەكانیان لە گۆڤاری زانستی (ProEnvironment)دا بڵاودەبێتەوە، كە ئیندێكس كراوە لە كلاریڤەیت ئەنالیتیكس. د. كارزان تۆفیق، ئەمەی بە دەستكەوتێكی زانستی "گەورە" ناساند و گوتی، یەكەمجارە لەسەر ئاستی زانكۆ كاری لەو شێوەیە دەكرێت. حەوت سپیكەر، كە شەشیان لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا، ئاسیا، ئەفریقیاوە هاتوون، بەشداریی كۆنفرانسەكەیان كرد و سیمیناری تایبەتیان پێشكەشكرد. ئەمە سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانییە، پێشتر لە ساڵانی 2013 و 2018 دوو كۆنفرانسی دیكەی رێكخستووە. بۆ ئەمساڵ، كۆمپانیای رەزگە، كە لە بوارەكانی بازرگانی، كۆنتڕۆڵی جۆری و بەڵێندەرانیی گشتی كاردەكات، سپۆنسەری سەرەكیی كۆنفرانسەكەیە

.

 





 2022-06-16
 337