جەزا سەید مەجید پشتیوانی و هەماهەنگی و دەستوەرنەدان لەکاروباری زانکۆ دووپاتدەکاتەوە



جەزا سەید مەجید پشتیوانی و هەماهەنگی و دەستوەرنەدان لەکاروباری زانکۆ دووپاتدەکاتەوە

 kosar othman([email protected])

 ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٢/٦/٢٧ هەڤاڵ جەزا سەید مجید ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانی بە یاوەری پ.د عباس مستەفا مامۆستای زانکۆ و لێپرسراو و ئەنجومەنی کۆمیتەی زانکۆ و پەیمانگاکان و مامۆستایانی زانکۆ سەردانی زانکۆی سلێمانی کرد و لەلایەن پ.د. کۆسار محمد علی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ڕاگران و مامۆستایانەوە پێشوازی لێکرا، مەبەستی سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی دەست بەکاربونی سەرۆکی نوێی زانکۆ و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی مەڵبەندی سلێمانی بوو بۆ زانکۆی سلێمانی.

لە دیدارێکدا هەڤاڵ جەزا سەید مجید لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی ڕایگەیاند: دەمانەوێت پەیوەندی بەهێز لە نێوانمان هەبێت هەروەها هەماهەنگ و پشتیوانتانبین لە سەرخستنی کارەکان و ڕێگرین لە دەستوەردان لە کار و باری حکومەت بەتایبەتی دادگا و زانکۆکان، وتیشی زانکۆی سلێمانی پێشڕەوی کۆمەڵگەی ئێمەیە بەتایبەت چینی خوێندەواران و جێگای شانازیشە کە چەندین ساڵە لەسەر ئاستی کوردستان ڕیزبەندی یەکەمی گرتوە و لە ئاستی بەرزی هۆشیاریدا خوێندکارەکانی لەلایەن مامۆستایانەوە پێگەیاندوە و ساڵانە بە سەدان دەرچوی بەشە جیاجیاکانی لە سێکتەرەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت ئەرک و رۆڵ بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان دەبینن، لێرەشدا جێی خۆیەتی سوپاسی پ.د. ڕەزا حەسەن سەرۆکی پێشوی زانکۆ بکەم کە دەوری گرنگی لەم بوارانەدا بینیوە و دڵنیاشین ئێستا لەسەر دەستی سەرۆکی نوێ بەردەوامی بە پێشکەوتن و ئاست بەرزی زانکۆکە دەدرێت.

پاشان پ.د. کۆسار محمد علی وێرای بەخێرهاتنی گەرم و دەربڕینی خۆشحاڵی بەسەردانی هەڤاڵ جەزا سەید مجید و وەفدی یاوەری ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازی لە پشتیوانی و هەماهەنگی زانکۆ و مەڵبەند دەکات بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کار و بارەکان وتیشی کۆمەڵگە پێویستی بە زانکۆ هەیە و دەبێت بچینە ناو کۆمەلگەوە لەم بوارەشدا زیاتر لە بەرنامە و کارنامەیەکی گرنگمان بۆ پێشخستن و پێشەنگی زانکۆی سلێمانی ئامادەکردووە و باسی لە میکانیزمەکان کرد کە رۆڵی گرنگی دەبێت لە بوارە جیاوازەکان و کردنەوەی ئۆفیسی رانکیک بۆ پێشخستنی بواری زانستی و پێشەنگی زانکۆی سلێمانی .

 

 





 2022-06-27
 244