ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بۆ ئیدانەكردنی شەهیدبوونی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین ڕێوڕەسمێكی ماتەمینیان ئەنجامدا

ئەمڕۆ 29ی حوزەیرانی 2022 ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ڕێوڕەسمێكی ماتەمینی و ناڕەزایەتییان دژی شەهید بوونی هەردوو هاوپیشەیان د.کاوان اسماعیل و د. ادریس عزەت ئەنجامدا.
لەسەرەتای ڕێوڕەسمە ماتەمینیەکەدا پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محمد علی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پرسەو سەرەخۆشی خۆیی و ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی ئاڕاستەی زانکۆی سەڵاحەدین و خانەوادەی هەریەک لە (د. کاوان ئیسماعیل) و (د.ئیدریس حەمەخان)كرد.
وتیشی:ئەمە كارەساتێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموومان ئەو مامۆستا بەڕێزانە كە چەندین ساڵە بەشێوەیەكی ئەكادیمی خزمەت بە زانكۆو نەوەكانمان دەكەن لەپای ئەو هەموو خزمەتە زۆر ناشرین و دڕندانە شەهیدكران، باسی لەوەشكرد كە بەتوندی ئیدانەی ئەم جۆرە تاوانانە دەكەن و داواكاریشن لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دیاردەی كوشتن بنبڕ بكەن.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی باسی لەوەشكردەوە كە لەدەستدانی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزەخەسارەتێكی گەورەیە بۆ بواری زانست و خوێندنی باڵا بەتایبەت کەهەردووکیان کەسانێکی ئەکادیمی بەتواناو شارەزاو لێهاتوی زانکۆی سەڵاحەدین بوون، وتیشی: دوبارە بەناوی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانییەوە پرسە و سەرەخۆشی لەزانکۆی سەڵاحەدین و کەسوکار و بنەماڵە بەڕێزەکانیان دەكەم، لەخوای گەورە داواکارم سەبووری و ئارامی بەدڵ و دەروونی هەموو لایەک بدات و ڕۆحی پاکیان بەبەهەشتی بەرین شاد بکات ، تاوانباریش بەسزای یاسایی خۆی بگات.

