سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەشداری لە كردنەوەی سەنتەرێكی بازرگانی و تەكنەلۆژیی ئێران كرد



سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەشداری لە كردنەوەی سەنتەرێكی بازرگانی و تەكنەلۆژیی ئێران كرد

 kosar othman([email protected])

ئەمڕۆ سێشەممە (5ی تەمموزی 2022)، پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد عەلی موراد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەشداری كرد لە مەراسیمی كردنەوەی سەنتەری بازرگانی و خانەی تەكنەلۆژیا و نوێگەری ئێران لە سلێمانی.

لە مەراسیمەكەدا، سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی و پارێزگارانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەرپرسانی حكومی شارەكە بەشداربوون.

مەهدی شوشتەری، سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە وتەیەكدا رایگەیاند: كردنەوەی ئەم سەنتەرە رەهەندی بازرگانی و تەكنەلۆژی هەیە، سەنتەرەكە دەتوانێت سودی زانست و تەكنەلۆژیا بگەیەنێتە زانكۆكانی پارێزگاكە و خوێندكاران.

شوشتەری لە وتەكەیدا داوای لە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كرد كە بتوانن بەیەكەوە كار بكەن، بۆ ئەوەی هەماهەنگی زانستی و تەكنەلۆژی لەگەڵ سەنتەرەكە دروست بكەن.

دواتر د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی وتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەدا: ئەم سەنتەرە تەواوكەری ئەو بەرنامەیەیە كە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و زانكۆكانی ئەو دەڤەرە هەیانە، بۆ ئەوەی زانكۆ بتوانێت داخوازییەكانی كۆمەڵگە وەڵام بداتەوە و ببێتە بەشێكی سەرەكی لە پەرەپێدانی كایە بازرگانی و پیشەسازیی و كشتوكاڵی و سێكتەرەكانی دیكە.

پاشان پ.ی.د. هوشیار عەبدوڵا عەزیز، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا وتەیەكی پێشكەشكرد و باسی لەوەكرد: هیوادارم كردنەوەی ئەم سەنتەرە ببێتە سەرەتایەك بۆ زیاتركردنی پەیوەندییە زانستییەكان و بازرگانییەكان لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگای سلێمانی.

 

ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە وەكو زانكۆكانی سلێمانی و پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیوەندییەكی زانستی بەهێزمان هەیە لەگەڵ زانكۆكانی ئێران، چەند خوێندكارێكمان لە زانكۆ دیارەكانی ئێران بۆ خوێندنی باڵا دەخوێنن، بۆیە وەكو زانكۆكانی سلێمانی ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەموو هاوكارییەك لە بواری زانستی و بوارەكانی دیكە كە خزمەت بە كۆمەڵگە و شاری سلێمانی بگەیەنێت".

 





 2022-07-05
 533