له‌سه‌ر بانگهێشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌شداری‌ وۆركشۆپێكی‌ گرنگ ده‌كات



له‌سه‌ر بانگهێشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌شداری‌ وۆركشۆپێكی‌ گرنگ ده‌كات

 [email protected]

زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌ دوو نوێنه‌ری‌ ئه‌كادیمیست له‌ به‌غدا به‌شداری‌ وۆركشۆپێكی‌ گرنگی‌ كرد، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رێكخرا بوو.

وۆركشۆپه‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی‌ هاوكاری‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌كان (CTR)، و وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (CRDF GLOBAL) له‌ هۆڵی‌ كۆنفرانسی‌ هۆتێل ره‌شید له‌ به‌غدا رێكخرا بوو.
زانكۆی‌ سلێمانی‌ وه‌ك یه‌كه‌مین زانكۆی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان، هاوشانی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی‌ حكومه‌ته‌كانی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌ریه‌ك له‌ (پ.د. كاوه‌ عه‌بدوڵا محه‌مه‌د ئه‌مین، پ. د. نه‌هله‌ محه‌مه‌د سه‌عید)، به‌شداریكرد له‌ وۆركشۆپێك له‌باره‌ی‌ پرسه‌كانی‌ (مادده‌ كیمیاییه‌كان و بایۆلۆجی‌ و تیشكی‌ ناوه‌كی‌.
پڕۆفیسۆر د.كاوه‌ عه‌بدوڵا، یاریده‌ده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بۆ كاروباره‌ زانستی‌ و یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی‌ وۆركشۆپه‌كه‌، به‌ (سایتی‌ زانكۆ)ی‌ راگه‌یاند: ئامانج له‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و وۆركشۆپه‌ بریتی‌ بوو له‌ ناساندن و كاریگه‌ریی‌ و مه‌ترسی‌ زیادبوونی‌ مادده‌ كیمیایی‌ و بایۆلۆجییه‌كان و چۆنییه‌تی‌ چاره‌سه‌ركردنیان و سنورداركردنی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ماددانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ و هه‌روه‌ها له‌ناوبردنیان به‌ رێكارێكی‌ تایبه‌ت له‌ناو زانكۆ و وه‌زاره‌ته‌كان.
له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌ سیمینارێكی‌ تایبه‌ت به‌ پرسه‌كان به‌شداری‌ كرد، كه‌ له‌لایه‌ن پڕۆفسیۆر د.نه‌هله‌ محه‌مه‌د پێشكه‌ش كرا، كه‌ جێگه‌ی‌ ده‌ستخۆشی‌ و تێڕامانی‌ به‌شداربووان و ئاماده‌كارانی‌ وۆركشۆپه‌كه‌ بوو.




 2022-08-11
 615