كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی كاری سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار به‌ڕێوه‌چوو



كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی كاری سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار به‌ڕێوه‌چوو

 [email protected]

بەمەبەستی پێداچوونەوە بە کۆتا رەشنووس، كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی كاری سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار، بە بەشداریی بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆى سلێمانی، له‌ دیوانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى به‌ڕێوه‌چوو.

بەشداریی نوێنەری زانکۆی سلێمانی

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، رێكه‌وتی (۲٠۲۲/٩/٢٥) به ‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان؛ (دكتۆر عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق، بریکاری وەزارەت) و (دكتۆر ئه‌میر عه‌بدولڕه‌حمان چالی، راوێژكاری به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ كاروباری توێژینه‌وه‌ی زانستی) و (مامۆستا كۆچه‌ر ئازاد سادق، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی) و (مامۆستا چالاك محێدین به‌رزنجی) و هه‌ر پێنج ئه‌ندامانی لیژنه‌، كۆبوونه‌وه‌ی كۆتایی لیژنه‌ی نووسینی ره‌شنوسی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار به‌ڕێوه‌چوو. لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز (پ.ی.م.امیر سردار کوێخارشید-بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار)، وه‌ك نوێنەری زانکۆی سلێمانی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی كاری سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار (CDC) له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربوو.

 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، مامۆستا (كۆچه‌ر ئازاد سادق)، به‌خێرهاتنی به‌شداربووانی كرد و ئاماژه‌ی به‌ بابه‌تی كۆبوونه‌وه‌كه‌ دا كه‌ بریتیبوو له پێداچوونه‌وه‌ی كۆتایی بە ئه‌و ره‌شنووسه‌ی كه لیژنه‌ی نووسینی په‌یڕه‌و و پڕۆگرام ئاماده‌یان كردووه ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی باڵای وه‌زاره‌ته‌وه‌ تێبینی له‌سه‌ر تۆماركراوه‌.

 

له‌ پاشاندا به‌ڕێز (دكتۆر عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق، بریکاری وەزارەت)، باسی له‌ گرنگی رۆڵی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار (CDC)ـی كرد، وه‌ك یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی زانكۆكان كه‌ رۆڵی كاریگه‌ر له‌ ئاراسته‌كردنی خوێندكار بۆ دابینكردنی ژیانی پیشه‌یی بۆ دوارۆژی خۆیان له‌پاش ته‌واوكردنی خوێندن ده‌گێڕن. هه‌روه‌ها وتیشی: پێویسته‌ زانكۆكان گرنگی ته‌واو به‌ سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار (CDC) بده‌ن، چونكه‌ سه‌نته‌ره‌كان ده‌توانن ببنه‌ پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان خوێندكار و ده‌رچووان و پێداویستییه‌كانی بازاڕی كار له‌ ده‌ستی كاری شاره‌زا و كارامه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا گرنگییه‌كی تری سه‌نته‌ره‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی كاره‌كانیانه‌وه‌ درك به‌و بۆشاییه‌ بكه‌ن كه‌ له‌نێوان پڕۆگرامی خوێندن و بازاڕی كاردایه، هه‌تا به‌‌ پێشنیاز پێشكه‌شی‌ به‌شه‌ زانستییه‌كانی بكه‌ن بۆ به‌هێزكردنی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن.

 پاشان به‌ڕێز (دكتۆر ئه‌میر عه‌بدولڕه‌حمان چالی، راوێژكاری به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی)، باسی له‌ گرنگی سه‌نته‌ره‌كانی په‌رەپێدانی كار له‌ زانكۆكان كرد كه‌ ده‌توانن سوود له‌ رێكخراو و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییە حكومیی و ناحكومییەکان وه‌ربگرن بۆ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانیان و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌زموونی كاری زیاتر.

 

ئامادەبوونی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت لە کۆبوونەوەکە

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌دا كه‌ له‌ به‌شێكیدا به‌ڕێزان (دكتۆر توانا نه‌جه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌ت) و (دكتۆر خه‌تاب ئه‌حمه‌د موسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی خوێندن و پلاندانان و به‌دواداچوون)، ئاماده‌بوون، باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی كاری لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌ و پڕۆگرامی سه‌نته‌ره‌كانی (CDC) كرا به‌ ئامانجی جێبه‌جێكردنی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ پێناو خزمه‌تكردنی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان.

 دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە

له‌ پاشاندا لیژنه‌ی نووسینی ره‌شنووسی په‌یڕه‌و و پڕۆگرام، تێبینی و پێداچوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵایان گفتوگۆ كرد و له‌ناو په‌یڕه‌و و پڕۆگرامدا چه‌سپاندیان.

 شیاوی باسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی (۲٠۲۲/٢/١٥) به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز (دكتۆر خه‌تاب ئه‌حمه‌د موسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی خوێندن و پلاندان و به‌دواداچوون له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت)، لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار له‌ مامۆستایانی به‌ ئه‌زموونی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار له‌ پێنج زانكۆی هه‌رێمی كوردستان پێكهات و له‌و ‌ماوه‌یه‌‌دا لیژنه‌كه‌ كاره‌كانی نووسینه‌وه‌ی په‌یڕه‌و‌ و پڕۆگرامه‌كه‌یان به‌ راوێژ و گفتوگۆ‌ ته‌واوكردووه‌ ‌و بڕیاره‌ له‌ داهاتوودا وه‌ك په‌یڕه‌وی كاركردنی سه‌نته‌رەكانی په‌ره‌پێدانی كار (CDC) بۆ زانكۆ گشتیی و تایبه‌ته‌كان و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.





 2022-09-27
 350