زانكۆی سلێمانی پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆی راگەیاند



زانكۆی سلێمانی پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆی راگەیاند

 [email protected]

ئەمڕۆ سێشەممە 6-12-2022، بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی  یاریدەدەرانی سەرۆك زانكۆو پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.عبدولفەتاح هەورامی بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگی زانكۆو كۆمەڵگاو سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی سەوزكردنی زانكۆو چەندین مامۆستاو نوێنەرانی فەرمانگە حكومییەكانی سلێمانی و چەندین رۆشنبیرو كەسایەتی شاری سلێمانی لە رێورەسمێكدا پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆی سلێمانی راگەیەنرا.
سەرەتای رێورەسمەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان لەلایەن پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتەیەك بەم بۆنەیەوە پێشكەشكراو رایگەیاند: سەوزكردنی شارو خاوێن راگرتنی ژینگەی هەر وڵاتێك نیشانەی گەشەی شارستانی و ئاستی پێشكەوتنی هاووڵاتییانێتی، هەموومان دەزانین لە سەردەمی ئێستاماندا یەكێك لە مەترسییەكانی سەر مرۆڤایەتی لە گۆی زەوی بریتییە لە پیسبوونی هەواو كەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی كە بێگومان كاریگەری گەورەی لەسەر گەرمبوونی هەوای گۆی زەوی و پیسبوونی ژینگە هەیە، بۆیە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەكو نەتەوەیەكگرتووەكان و چەندین ناوەندی تری جیهانی هەوڵەكەنیان لە جیهاندا چڕكردوەتەوە بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە .
وتیشی: زانكۆی سلێمانیش وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی و لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاسێتی بەرامبەر كۆمەڵگاكەمان و وڵاتەكەمان، بەردەوامە لە داڕشتنی بیرۆكەی زانستی  زۆر گرنگ و ستراتیجی و جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە بۆ رێگری لە پیسبوونی ژینگەی شارەكەمان و سەوزكردنی و كاری زۆر جددیشی لەوبوارەدا كردووە، ئەمڕۆش ئێمە هەموومان لێرەین بۆ راگەیاندنی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ و ستراتیجی لە شارەخۆشەویشتەكەماندا ئەویش پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆی سلێمانییە، كە پرۆژەیەكی گرنگ و درێژخایەنەو بەهیواین ئەم پرۆژەیە دەرەوەی زانكۆش بگرێتەوەو بابەتی چاندنی نەمام و سەوزكردنی شارو وڵاتمان ببێتە كلتورێك ، تاكو نەوەكانی داهاتوومان فێربكرێن و لەسەر ئەو كلتورە جوانەو رابهێنرێن.
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند: وەك سەرۆكایەتی زانكۆ پشتگیری تەواوی هەر بیرۆكەو پرۆژەیەك دەكەین كە خزمەت بە زانكۆو شارەكەمان بكات و سوپاسی هەموو ئەو لایەن و كەسایەتییە بەرێزانەش دەكەین كە بە ماددی و مەعنەوی پشتگیرییان كردووین و هاوكارمان بوون لە پرۆژەكانماندا بە تایبەت پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆ، كە پرۆژەیەكی مێژوویی گەورەو ستراتیجییەو خزمەتێكی گەورە بە زانكۆو شارە خۆشەویستەكەمان دەكات.
پاشان لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. عبدولفەتاح هەورامی سەرۆكی سەنتەری هەماهەنگی زانكۆو كۆمەڵگا بەوردی باس لە ئامانج و پرۆژەكانی سەنتەرەكە كرا، كەیەكێك لە پرۆژەكانی سەوزكردنی زانكۆی سلێمانییە، كە بە نیازن ئەو پرۆژەیە بەردەوام بێت و دەرەوەی زانكۆش بگرێتەوەو پاراستنی ژینگەو چاندنی نەمام و گرنگیدان بە سەوزایی لە شارەكەماندا بكرێتە كلتورێك و منداڵانمان لە قۆناغەكانی باخچەی منداڵانەوە تاكو قۆناغی زانكۆ لەسەر خۆشەویستیان بۆ ژینگەو خاكی وڵات و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو زەوییەی كە تیایدا دەژین رابهێنرێت.
دواتر لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رێژین هارون سەرۆكی پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆ، وتەیەك پێشكەشكراو بەوردی و كارو پرۆژەكانی لیژنەی سەوزكردنی زانكۆی لە رابردو هەروەها پڕۆژەكانی داهاتووی لیژنەكەش بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆی سلێمانی راگەیەیەنراو سەدان نەمام لە گۆڕەپانی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی چێنران. 
پاشان لەلایەن خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی زانكۆوە ناوچەیەكی فراوان لە گۆڕەپانی زانكۆ كە لە چوارچێوەی پرۆژەی سەوزكردنی زانكۆ بۆ چاندنی نەمام تێیاندا ئامادەكرابوو، هەڵمەتی چاندنی نەمام تێیاندا دەستیپێكرد، كە هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و رۆژانی دواتریش درێژەی دەبێت.
 




 2022-12-06
 2289