زانكۆی سلێمانی و كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم یاداشتنامەی نێوانیان درێژكردەوە



زانكۆی سلێمانی و كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم یاداشتنامەی نێوانیان درێژكردەوە

 [email protected]

رۆژی پێنجشەممە 19-1-2023، پرۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، پێشوازی كرد لە ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، دواتر لە مەراسیمێكی شایستەدا یاداشتنامەی نێوانیان تازەكردەوە.
لەسەرەتای مەراسیمەكەدا، هاوبیر حەمە عەلی بەڕێوەبەری گۆشەی ئەمریكی لە زانكۆی سلێمانی، وتەیەكی پێشكەشكرد و باسی گرنگی گۆشەی ئەمریكی كرد و ئاماژەی بەو كار و چالاكیانەدا كە لە ساڵی رابردوو ئەنجامیان داوە، پاشان گروپێكی میوزیك چەند پارچە مۆزیكێكیان پێشكەشكرد. دواتر پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتەیەكی پێشكەش كرد، كە تێیدا باسی لە گرنگی ئەو چالاكیانەكرد كە گۆشەی ئەمریكی لەناو زانكۆی سلێمانی ئەنجامی دەدات و خوێندكاران دەتوانن سودمەندبن لێی، هاوكات سوپاسی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكای كرد لە بەرامبەر پاڵپشتی بەردەوامی گۆشەی ئەمریكی لەناو زانكۆی سلێمانی.
پاشان  ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، لە وتەیەكدا ئاماژەی بەو پاشخانە كرد كە سەركردەی ئەمریكی مافە مەدەنیەكان ماڕتن لوسەر كینگ بۆی بەجێهێشتوون، پاڵپشتیشی بۆ گۆشەی ئەمریكی لە زانكۆ سلێمانی دوپاتكردەوە و وەڵامی پرسیاری بەشێك لە ئامادەبووانی دایەوە.
هەر لە میانەی مەراسیمەكەدا، هەریەك لە پرۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێم، واژۆیان لەسەر درێژكردنەوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان زانكۆی سلێمانی  و  كونسوڵخانەی ئەمریكا كرد، كە بەهۆیەوە گۆشەی ئەمریكی لە كاردایە.
پاشان سەرۆكی زانكۆی سلێمانی چەند خەڵاتێكی تایبەتی پێشكەشی كونسوڵ كرد و هاوكات بەڕێوەبەری گۆشەی ئەمریكی پەستەكێكی تایبەتی سلێمانی پێشكەشكرد.
لەكۆتایی مەراسیمەكەشدا كێكی تایبەت بە نوێكردنەوەی ئەو یاداشتەی نێوانیان قاشكرا ، هەروەها لەلایەن كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم بەشەكانی گۆشەی ئەمریكی لەناو زانكۆی سلێمانی بەسەركرایەوە.
گۆشەی ئەمریكی (American corner) ماوەی نۆ ساڵە لەزانكۆی سلێمانی بە پاڵپشتی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێم بەردەوامە لە پێشكەشكردنی سیمینار و چالاكی كلتوریی و رۆشنبیری.
لە گۆشەی ئەمریكی زانكۆی سلێمانیچەندین چالاكی زانستی و كلتوری بە زمانی ئینگلیزی ئەنجامدەدرێت لەوانە، گفتوگۆو سیمینار و پڕۆگرام و چەندین چالاكی تر كە سەرجەمیان بێبەرامبەرن.
بەپێی ئەو یاداشتەی لەنێوان زانكۆی سلێمانی و كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێم هەیە، نابێت گۆشەی ئەمریكی لە ساڵێكدا لە ٢٤ چالاكی كەمتر ئەنجام بدات، بەڵام  ساڵی رابردو زیاتر لە ١٥٠ چالاكی كلتوریی و جۆراوجۆری ئەنجامداوە و تائێستا زیاتر لە ١٥ هەزار خوێندكار بەشدارییان لە سیمینار و وۆرك شۆپ و چالاكییە كلتورییەكانی گۆشەی ئەمریكی زانكۆی سلێمانی و كردووە و ٢٠٠ خۆبەشیش كاریان تێدا كردووە.
 
 
 
 
 
 
 
 
 




 2023-01-22
 96