بۆ یەکەمجار زانکۆی سلێمانی کتێبێکی گرنگی بۆ کەسانی بیانی بڵاوکردەوە



بۆ یەکەمجار زانکۆی سلێمانی کتێبێکی گرنگی بۆ کەسانی بیانی بڵاوکردەوە

 [email protected]

رۆژی دووشەممە 23-1-2023، بەئامادەبوونی پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و یاریدەدەرانی و نوێنەرانی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و چەند کەسایەتییەکی دیاری شارەکە، سەنتەری هەماهەنگی زانکۆ و کۆمەڵگە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری زمان و کەلتور زانکۆ، لە مەراسیمێکی شایستەدا کتێبی “شاڕێ” بڵاوکرایەوە و خولەکانی فێربونی زمانی کوردی بۆ فێرخوازانی بیانی کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن، ڕاگەیەندرا.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا ئامادەبووان ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، دواتر پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی “زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کولتوری هەر نەتەوەیەکە و شوناسیەتی”.

وتیشی “پڕۆژەی ناوازەی کتێبی (شاڕێ)، بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆفێرخوازانی بیانی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری زمان و کلتور و بەشی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانییە”.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، باسی لەوەشکرد “ئەم پڕۆژەیە خستنەڕووی پڕۆگرامێکی سەرکەوتووانەیە بۆ چۆنییەتی فێربوونی زمانی کوردی، گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ زیندوێتی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە، کە زمانێکە لەسەر ئاستی زمانەکانی جیهان لەلایەن ٤٠ ملیۆن مرۆڤی کوردەوە قسەی پێدەکرێت ”.

د.کۆسار محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو “سەرەڕای گرنگی زانینی زمانی کوردی بۆ کەسانی بیانی، بەڵام وەک پێویست لەم روەوە بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، ئێمە لێرەوە رایدەگەیەنین کە بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری زمان و کەلتور وەک یەکەیەکی چالاکی زانکۆ جگە لەوەی لە کار و پڕۆژەی جیاوازدا گرنگی بە زمانە جیاوازەکان داوە، هاوکات لە خزمەت زمانی کوردیشدا دەبێت بە کردنەوەی خولی فێربوون بۆ فێرخوازانی زمانی کوردی”.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی جەختیشی کردەوە “لەم بۆنەیەدا رایدەگەیەنین کە زانکۆی دایک لە خزمەتی زمانی دایک دا دەبێت و دەرگای واڵایە بۆ ئەو کەسانەی کە خوازیاری فێربوونی زمانی کوردین”.

پاشان پ.ی.د. زانا مەحمود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری زمان و کەلتوری زانکۆی سلێمانی، باسی لە گرنگی پڕۆژەکە کرد و رایگەیاند، کە لە ئەمڕۆوە خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی لە زانکۆی سلێمانی بۆ کەسانی بیانی دەستپێدەکات و سەرەتاش بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.

دواتر پ.د.شیلان عومەر، مامۆستای کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنی کتێبی (شاڕێ)، بە وردی بیرۆکەی نووسینی کتێبەکە و گرنگییەکەی بە ئامادەبوونی لیژنەی نووسینی کتێبەکە خستەڕوو.

لەپاش ئەوەش بە نمایشکردنی ڤیدیۆ راپۆرتێک لەبارەی ئامادەکردن و نووسینی کتێبەکە کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.

 





 2023-01-25
 39