بۆ یەکەمجار ۆرکشۆپێک بۆ پێشوازی خوێندکارانی تازە وەرگیراو سازکرا



بۆ یەکەمجار ۆرکشۆپێک بۆ پێشوازی خوێندکارانی تازە وەرگیراو سازکرا

 [email protected]

لە چوارچێوەی چالاکیەکانی بەشی ئەندازیاریی شارستانی-فاکەڵتی ئەندازیاری-زانکۆی سلێمانی دا،  ڕۆژی (١٧-١-٢٠١٦ ) بەشی ئەندازیاریی شارستانی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو هەڵسا بە ئەنجام دانی ۆرکشۆپێک لە ژێر ناونیشانی (بەرنامەی پێشوازی لەخوێندکارانی قۆناغی یەکەم) بە ئامانجی ئاشناکردنی خوێندکارە وەرگیراەکان بە زانکۆ و پێدانی زانیارییە گشتیەکان دەربارەیی پڕۆسەی خوێندن لە ماوە چوار ساڵی خوێندنی ئەکادیمی لە بەشەکە دا، لە ۆرکشۆپەکە دا ژمارەیەک سیمینار و چالاکی جۆربەجۆر لە لایەن مامۆستایان و خوێندکارەکانی بەشەکەوە پێشکەشکرا.  

سەرەتا لە وتەیەکی کورتدا، (د.سیروان خورشید ڕەفیق) سەرۆکی بەش بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و پیرۆزبایی لە خوێندکارە وەرگیراوەکان کرد، ئاماژەی بە چالاکییەکانی بەش کە بە هەوڵی خۆبەخشانەی مامۆستایان و بە هاوکاری خوێندکارەکانی بەش بەڕێوەدەچێت. هەرەها باسی لە گرنگی پەیوەندی نێوان کەس وکاری خوێندکار و بەش کردەوە. پاشان لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری ۆرکشۆپەکە دا، سێ سیمینار لەلایەن مامۆستایانی بەشی ئەندازیاریی شارستانی پیشکەش کران. 
 
   سیمیناری یەکەم لە لایەن (پڕۆفیسۆر د. محمد ڕەئوف عبدالقادر) مامۆستای بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە ژێر ناونیشانی (کۆمەڵێک ڕێنمایی پێویست لە یاساکانی زانکۆ) پێشکەش کرا ، پێشکەشکار باسی لە ژمارەیەک ڕێنمایی زانکۆیی پەیوەندیدار بە خوێندکارەکان کرد وهەروەها تیشکی خستە سەر ڕێنمایی تاقیکردنەوەکان و چۆنێتی دابەشبوونی ڕێژیی نمرەی ساڵانی خوێندن. لە سیمینارەکەی دا بە گەشبینیەوە چاوەڕوانی لە خوێندکارەکان دەکرد بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێزگرتن لە بەهاکانی زانکۆ.
 
سیمیناری دووەم  لە لایەن (م. ضياءالدين بهاءالدين نورى ) مامۆستای بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە ژێر ناونیشانی (پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆری فێرکردن)پێشکەش کرا، پێشکەشکار ڕوونیکردەوە کە پەیامی ئەم پڕۆسەیە دڵنیاکردنی خوێندکارە له‌ ئاستی ئه‌کادیمی زانکۆ. هەروەها ئاماژەیکرد بەوەی کە زانکۆ بریتی یە لە کۆمه‌ڵگایه‌کی تێکه‌ڵ له‌ خوێندکار، مامۆستا و کارمه‌ند که‌ به‌ تێکڕایی هه‌ر هه‌موویان ده‌بێت پابه‌ندبن به پێشکه‌شکردنی زانست له‌ ئاستێکی به‌رزدا و له‌ گشت بواره‌کاندا.
 
سیمیناری سێیەم لە لایەن (م. محمد عارف محمد ) مامۆستای بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە ژێر ناونیشانی (چۆن دەبیت بە ئەندازیاریی شارستانی؟) پێشکەش کرا ، پێشکەشکار تیشکی خستە سەر ئیش و پڕۆژەکانی بواری ئەندازیاریی شارستانی ، و قۆناغەکانی سوڕی ژیانی پڕۆژەی ئەندازیاریی. هەروەها ڕوونی کردەوە کە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ئەندازیاری پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی لێکنەپچڕاوە کە پێویست بە کۆکردنەوە زانیاریی زانستی جۆراوجۆر هەیە کە لە چوار ساڵی ئەکادیمی خوێندن بە شێوەی زنجیرەی لە (٣٥ کۆرس) دا بە خوێندکار دەوترێتەوە وەک پێداویستی بۆ پێدانی بڕوانامەی بەکالۆریوس لە ئەندازیاریی شارستانی دا.
 
دواتر (خوێندکار ئاری عادل قادر) وەک نوێنەری خوێندکارەکانی بەش باسی لە پەیوەندی هاوکاری و پێکەوەژیانی نێوان خوێندکارەکان کرد بە بێ جیاکاری ئینتیمای ئاینی و سیاسیی و نەتەوەیی. داوای لە هاوپیشەکانی کرد کە بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە پارێزگاری لە کەرەستەکانی هۆڵی خوێندن و کەلوپەلی زانکۆ بکەن.
 
  لە کۆتاییدا، بە نمایشکردنی  چەند پارچە میوزیک و گۆرانی لە لایەن خوێندکارانی (گروپی میوزیکی بەشی شارستانی) کاتێکی هونەری بەخشرا بە ئامادەبووان. 
 

 





 2016-01-24
 3145