دیبلۆماسیەت



دیبلۆماسیەت

 [email protected]

 دیبلۆماسیەت

                  لەگەڵ سەرهەڵدانی یەكەم كۆمەڵی ئادەمیزاددا، پەیوەندیەكان ئاوێزان بوون و لە نێوان تاك و كەسایەتیەكاندا لەدایك بوون، بۆ نمونە وەك ڕاگرتنی شەڕو كوشتارەكان، لەنێوان بەرژەوەندیە هاوبەشەكانیان، بۆ وەرگرتنی پشویەك یاخود بۆ سۆراخ كردنی كوژراوان و تیماركردنی برینداران، یاخود دابەشكردنی هەرێمەكانی دەسەڵات، یاخود دیاری كردنی ڕووخسارو ڕواڵەتەكانی ئایندە، یان هەر مەسەلەو بابەتێكی پەیوەست بە پەیوەندیە دیبلۆ ماسیەكان. بێگومان هەمیشە كەسانی ژیر و بلیمەت و قسەزان و بە ئەزموون و بەشەخسەیەت و عاقڵ چوونەتە ژێر باری ئەركێكی وەها هەستیار و چارەنووسازەوە، چوونكە  ڕاپەڕاندنی ئەم جۆرە ئەركانە، كەسانی نەفس درێژ و شایستەو قسەزان و مەند و لەسەرخۆی گەرەكە، بۆ ئەوەی ئەركەكانیان بەئەنجام بگەیەنێت، لێرەوە دیدی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكان سەرچاوەیان گرت. هەر لەگەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پەیوەندیە دبلۆماسیەكانیش لەنێوان كەسایەتیەكاندا گەشەی كرد، ئامانج و بوارەكانیشی زیادیانكرد ، لەگەڵ پێشكەوتنی گەلانداو زۆر بوونی ژمارەی دانیشتوان و زیادبوونی پێداویستیەكانی هەر یەكێكیان، بازنەی هەڵسو كەوت و مامەڵە لە نێواندا فراوانبوو، و بەرژەوەندیەكان زیاتر ئاڵۆز بوون و بەیەكاچوون، وایلێهات پەیوەندی نێوانیان بوو بە زەرورەتێك كەهەرگیز ژیانی گەلانی ودانیشتوان بەبێ‌ ئەو پەیوەندیانە سەقامگیر نابێت.

 هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتانەوە بەسادەترین شێوەی سیاسیان، پەیوەندیەكانی نێوانیان جێگەی بایەخ و گرنگی ئەو دەوڵەتانە بوو، چونكە ئەو پەیوەندیانەیە دەست نیشانی ئاراستەكانی دەوڵەتێك لەبەرامبەر دەوڵەتێكی تردا دەكات, لەهەردوو حاڵەتی جەنگ و ئاشتیدا، مێژووی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكان لەنێوان كۆمەڵگاكان ودەوڵەتاندا بەمێژوویەك دادەنرێت بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، كە كۆنەوە مرۆڤایەتی بەردەوام لە سازش و دانوستاندا بووە كە سەرجەم بوارە سەربازیەكان و سیاسیەكان و شارستانیەكانی گرتۆتەوە، و لەسایەی ئەو پەیوەندیانەوە ئیمپراتۆریەتەكان دروست بوون و گەشەیانكردووە و باڵادەست بوون بەسەر دەوڵەتان و گەلاندا، و هەندێكی تریشیان پوكانەوە و لەبەین چوون.

 ڕەنگە دیارترین ئەو پەیوەندیە دیبلۆماسیانە بەدرێژایی سەردەمە مێژووییەكان و ئەو پەیوەندیانەبن كە ململانێی و كێبەركێی نێوان دەوڵەتان و هێزە سیاسیەكانی لێكەوتۆتەوە و ئەم مەسەلەیەش لەوەختێكی زووەوە لە نێو مێژووی پەیوەندیەكاندا سەری هەڵدا. تەبایی و دیبلۆماسیەت و ئاشتی بنچینەیەكی سەرەكیە لە هەڵسوكەوتی ئاکارى بەرز لەگەڵ دەوڵەتان و گەلان و تاك و كۆمەڵدا و هەر لەو بناغەیەوە بەها بەرزەكانی پەیامی مرۆڤایەتی پیرۆز سەرچاوەی گرتووە، چونكە ئاشتەوای و دیبلۆماسیەت ئەو بناغە و تەوەریە كە پەیوەندیەكانی نێوان دەوڵەتان و گەلان و لایەنە ناكۆكەكانی لەسەر دامەزراوە. دەرچوون لە بازنەی ئەو پەیوەندیانە هەندێ جار و لە ڕووی ناچاریەوە كە دەوڵەتێك پەنای بۆ دەبات ئەویش لە پێناو پاراستنی مانەوەی خۆیی و پاراستنی ژیان و ماڵی هاوڵاتیان.

 

 پ.ی.د.ئاراس فەریق زەینەڵ 

 

 





 2016-04-01
 1211