بەشی ڕاگەیاندن چالاكی ساڵانەی خۆی ئەنجامدەدا



بەشی ڕاگەیاندن چالاكی ساڵانەی خۆی ئەنجامدەدا

 [email protected]

 رۆژی پێنجشەممە ٢٠١٦/٥/٥ بەشی راگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان چالاکی ساڵانەی خۆی رێکخست کە تێیدا پێشانگایەکی فۆتۆجۆرنالیزم کرایەوەو چەندین بەرهەمی خوێندکارانی بەشەکە  لە راپۆرتی تەلەفزیۆنی و رۆژنامە خرانەڕوو.

بە ئامادەبونی )د. جەزا تۆفیق تاڵیب(راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان ، )د. ئیبتیسام قادر(سەرۆکی بەشی راگەیاندن و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی بەشە جیاوازەکانی کۆلێژ و خوێندکاران و میوانانی دەرەوەو کەناڵەکانی راگەیاندن چالاکیەکان دەستی پێکرد.

سەرۆکی بەشی راگەیاندن دەربارەی چالاکییەکە رایگەیاند: وەک نەریتێکی ساڵانە کارو بەرهەمەکانی خوێندکاران لە بەشەکەیان دەخرێنەڕوو لە پێناو هاندانی خوێندکاران بۆ کارکردن وەک بەشێک لە وانەکانیان، د.ئیبتیسام قادر وتیشی "سەرەڕای قەیرانی دارایی و کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن ئەمساڵیش توانیمان بە هاوکاری مامۆستایان و هەوڵی خوێندکاران چالاکییەکە ئەنجامبدەین ".

لە چالاکییەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ خوێندکارانی بەشەکە کرایەوە و ژمارەیەک فۆتۆی رۆژنامەنوسی تێدا پیشاندرا، هەروەها چەندین بەرهەمی دەرهێنان و ئامادەکاری تەلەفزیۆنی لە ڕیکلام و راپۆرت و پرۆمۆ کە لەلایەن خوێندکارانەوە ئامادەکرابو پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.

مامۆستا پاڤێ جەمیل، مامۆستای فۆتۆجۆرنالیزم لە بەشی راگەیاندن رایگەیاند: کە لە رێی ئەم کارانەوە دەیانەوێت خوێندکاران ئاشنا بە کاری پراکتیکی و مەیدانی بکەن لە پێناو راهێنانیان لەسەر کاری رۆژنامەنوسی. وتیشی " کارەکان لە ئاستێکی باشی رۆژنامەنوسیدابون بەپێی بنەما زانستیەکان ئەوەش مایەی دڵخۆشی ئێمەیە کە خوێندکاران سەرەڕای وانەکان دەتوانن بە مەیدانیش کار لەسەر بوارە جیاجیاکانی رۆژنامەگەری بکەن تا بتوانن پاش خوێندن هەلی کار لە دەزگا راگەیاندنەکان بەدەست بێنن".

 

هەر لە چالاکییەکەدا چەندین گۆرانی و پارچە هۆنراوەش لە لایەن خوێندكارانەوە پێشكەش بە ئامادەبوان كرا.





 2016-05-07
 1122