بۆ کەیسەکانى جینۆساید کار بۆ دامەزراندنى دادگایەکى هاوبەش لە کوردستان دەکرێ
Amanj.Rasul([email protected]).ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
د.یوسف گۆران: ئەو تاوانانەى کە لە ئێراق بەرامبەر بەئیزیدى و شەبەک و کاکەیى و کریستان کراوە، ڕاستە بەرامبەر بەئێمە کراوە، بەڵام ڕەهەندێکى نێودەوڵەتى هەیە.
ئەو وتەیەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە میانەى دیدارێکیدا هات لەگەڵ پ.د.مایکڵ نیوتن مامۆستا لە زانکۆى ڤاندەر تێڵن لە ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا.
لەو دیدارەدا کە رۆژی چوارەشەممە، ڕێکەوتى (٢٩/٦/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و، د. نەژدەت ئاکرێى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان و، بەرەڤان حەمدى بەرێوەبەرى گشتى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بەڕێوەچو، گفتوگۆ لەبارەى دامەزراندنى دادگایەکى تایبەت بەتاوانەکانى جینوساید لە هەرێمى کوردستان کرا.
لەسەرەتادا د.نیوتن ئامانجى سەردانەکەى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونکردەوەو وتى: دەمانەوێ بۆ کەیسەکانى جینۆساید کە بەرامبەر ئیزیدییەکان ئەنجامدراوە دەخوازین دادگایەکى هاوبەش لە کوردستان دروست بکەین، کە لە پسپۆڕانى نێودەوڵەتى و ناوخۆى پێک بێ، وتیشى باوەڕى زۆرمان بەوەیە کە دروستکردنى ئەم دادگایە کارەکان کاراتر و کاریگەرتر دەکات، چونکە ئێستا گرفتى ئەوە هەیە کە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ڕێوشوێنەکانى تاڕادەیەک ئالۆزن و جارى وا هەیە ماوەیەکى دورودریژ دەخایەنێ، بەڵام دروستکردنى ئەم جۆرە دادگایە کارەکان کاراتر دەکات و تاوانبارانیش زوتر پەلکیشى بەردەم دادگا دەکات، بۆ ئەوەش داواى لە وەزیرى خویندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کرد لە ڕێگەى شارەزاو یاساناسان و پسپۆرانى بوارى جینۆساید و یاساى نێودەوڵەتى هاوکارییان بکەن لە دامەزراندنى ئەو دادگایە.
لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران دواى ئەوەى پشتگیرى ئەکادیمى و زانستى وەزارەتەکەى بۆ دامەزراندنى ئەو دادگایە پیشاندا وتیشى: تاوانى جینۆساید لەم ناوچەیەدا زۆر کراوە بەتایبەت بەرامبەر بەکورد، کەچى یەکێک لەو کێشانەى کە بەرامبەر بەگەلەکەمان هەیە ئەوەیە، کە زۆڕیک لە وڵاتان ئاگادارى ئەو تاوانانە بون، بەڵام خۆیان لێ بێ دەنگ کردوە، بۆیە ئەو بەرپرسیارییە تا ئێستا وەک پێویست نیە.
هەر لە میانەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئێمەى کورد و، وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بۆ بەنێودەوڵەتیکردنى ئەو تاوانانە، ڕونیشیکردەوە دروستکردنى ئەو دادگایە زیاتر دەتوانێ چالاک بێ بۆ راپەڕاندنى ئەو ئەرکەو ڕاکیشانى تاوانباران بۆ بەردەم دادگا. د.یوسف گۆران وتیشى جینۆساید کە دەکرێ تەنها جینۆسایدى جەستەیى نیە، بەڵکو کەلتورو هەمو بوارەکانى دیکەى ژیانى گرتۆتەوە، بۆیە ئەگەر بتوانن لە دامەزراندنى ئەو دادگایە لە کوردستان سەرکەوتو بن ئەوا دەبێتە نمونەیەکى باش بۆ زۆرێک لە شوێنەکانى دیکە، چونکە ڕەهەندێکى نیشتیمانى و هەرێمایەتى و جیهانى هەیە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەشى وت: کە گەلى ئێزیدى دوچارى شۆکێکى گەورەبون و زۆریان کۆچ بۆ دەرەوەى ئێراق دەکەن، بۆیە دەمانەوێ متمانەیان بۆ دروست بکەین، لەوەشدا دەبێ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هاریکارمان بێ، چونکە جگە لەوەى کە پێکهاتەیەکى ڕەسەنن، لەهەمان کاتدا گوزارشت لە پێکەوەژیان و فرە نەتەوەیى و فرە ئاینى کۆمەڵگەکەشمان دەکات و، داکۆکى لەمانەوەى ئەو مۆزایەکى ژیانى کۆمەڵگەکەمان دەکەن.
لە کۆتاییدا لەسەر پێشنیازى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا پانێڵێک بەبەشدارى وەزارەتە پەیوەندارەکان و پسپۆڕان و شارەزاییانى نێودەوڵەتى و ناوخۆى و مامۆستایانى زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتى ناوخۆییەکان ڕێکبخرێ بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەت و وەک ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنى ئەو دادگایە لە کوردستان و تاوتوێکردنى ڕەهەندە جیاکانى.
2016-07-10
1025