پەیامی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ رووداوەکەی دوێنێی زانکۆی سلێمانی


بەرێزان سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی
بەرێزان ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی
بەرێزان خوێندکارانی ئەزیزی بەشە ناوخۆییەکان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دوێنێ بینەرو بیسەری رووداوێکی ناخۆشبووین کە لە بەشە ناوخۆیی کوڕانی کەمپی قلیاسانی زانکۆی سلێمانی ئاگرکەوتەوەو تێیدا کارمەندێکی بەرگری شارستانی سلێمانی شەھیدبوو و دوو کارمەند برینداربوون و چەند خوێندکارێکیش برینداربوون.
ئەم رووداوە ئەگەر بۆ ھەر لایەكى دیکە یەکجار رووداوێکی دڵتەزێن بێت بۆ ئێمە زیاترە لەوە، چونکە ھەم لەوە تێدەگەین رووداوێکی ئاوھا لەم بارودۆخەدا بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی چەند دڵتەزێنەو ھەمیش ئێمە بەشە ناوخۆیی فیردەوسمان کارەساتێکی ھاوشێوەی بەسەرداھاتوو و 4 خوێندکارمان شەھیدبوو بۆیە زیاتر لەھەر کەسێک بەم رووداوە دڵگرانین.
ھەروەھا دڵگرانین کە لەم رووداوەدا کاکە کاردۆی کارمەندی بەرگری شارستانی سلێمانی شەھیدبوو و ھەروەھا چەند ھاوکارێکی تری برینداربوون. ئەم رووداوانە پێمان دەڵێن کە کاری پێکەوەیی ھەمیشە سەرکەوتووەو دەتوانین دەست لەناو دەست سەرەڕای قەیرانەکان یەکتری بپارێزین و دڵسۆزانە و برایانە پشتیوانی یەکبین و لە خۆشی و ناخۆشیدا ھاوکاری یەکبین.
بەڕێزان لەم پەیامەماندا جارێکی دیکە دەستخۆشی لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بە گشتی دەکەین کە سەرەرای قەیرانەکان و لە ھەموو بارودۆخێکدا دڵسۆزانە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و پارێزەری گیانی ھەمووانن.
لە کۆتایدا وەکو زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئامادەی ھەموو ھەوکارییەکین و ئێوە ئاسا خەمبارین بە رووداوەکە.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھید کاردۆ و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.
ھیواراین بە زووترین کات سەرجەم بریندارانی ئەم رووداوە خوای گەورە شفایان بدات.
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
2017/4/22

