وەفدێكی خوێندنی باڵاو پەروەردەی فینلاند سەردانی زانكۆی سلێمانییان كرد



وەفدێكی خوێندنی باڵاو پەروەردەی فینلاند سەردانی زانكۆی سلێمانییان كرد

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

ئەمڕۆ 25-4-2018، وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەروەردەی وڵاتی فینلاند سەردانی زانكۆی سڵێمانی كردو لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د كتۆر رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆو دكتۆر كارزان غەفور بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەكادیمییەكان و راگەیاندنی زانكۆ پێشوازییان لێكرا، دواتر هەردوولا كۆبوونەوە.

لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەخێرهێنانی وەفدی فنلاندی كرد، هەروەك كورتە باسێكی مێژوویی لەبارەی دامەزراندن و قۆناغەكانی گەشەكردنێ زانكۆكەیان باسكرد، وتیشی: لەپاڵ پاڵپتشیكردنی زانكۆكەمان لە ڕوی دڵنیای جۆری و ڕاهێنانی ستافی زانستی و جێبەجێكردنی پڕۆژەی زانستی، داواكارین لە كردنەوەی قوتابخانەیەكی بنەڕەتی و ئامادەیی بۆ منداڵانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆكەمان هاوكاریمان بكەن، بۆ ئەوەش وتی: باڵەخانەی پێویستمان هەیە، بەڵام پێویستمان بەڕاهێنانی ستافی مامۆستاو دانانی پرۆگرامەكانی خوێندن هەیە.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا، ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ سەرەنج و بۆچون و پرسیارەكانیان لەبارەی جۆری هاوكارییەكانیان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان پێشكەش بەوەفدی میوان كرد.
لەبەرامبەردا، وەفدی میوان دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانە بۆ هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوە، گفتوگۆیان لەبارەی هاوكارییەكانیان بۆ زانكۆكانی كوردستان كرد، هەروەك باسیان لە گرنگی بەستنەوەی سیستمی پەروەدە بەخوێندنی باڵا لەلایەك و، زانكۆكان بەبازاری كار لەلایەكی دیكە كرد، وتیشیان گرنگە لەم قۆناخەی هەرێمی كوردستاندا بایەخی زیاتر بەپەروەردە و خوێندنی باڵا بدرێ.  
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی سوپاسی وەفدی میوان و وەزارەتی خوێندنی باڵای كرد، بۆ رێكخستنی ئەو دیدارو كۆبوونەوەیە لەگەڵ وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەروەردەی فینلاند.
وەفدی خوێندنی باڵاو پەروەردەی فینلاند پێكهاتوون لە (كارل هۆلم) ڕاویژكاری هەڵسەنگاندن لە ناوەندی هەڵسەنگاندنی پەروەردە و خوێندن لە فینلانداو، خاتوو (ماریا كاتیكۆ) پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی (DIAK) بۆ زانستە پراكتیكییەكان، (یوكا كۆسكینیسێ) لە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی (DIAK) و، (ئیلكا كۆلا) نوێنەری زانكۆكانی (HAMK) و(TAMK) بۆ زانستە پراكتیكییەكان بۆ كاركردن لەگەڵ دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان.
 
 




 2018-04-25
 1062