توێژینەوەی مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی جێگەی گرنگی پێدان و سەرنجی توێژەران و شارەزایان بوو لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە وارشۆ، پۆڵۆنیا



توێژینەوەی مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی جێگەی گرنگی پێدان و سەرنجی توێژەران و شارەزایان بوو لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە وارشۆ، پۆڵۆنیا

 [email protected]

مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بە توێژینەوەیەكی زانستی گرنگ لەبارەی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دەرفەت و تەحەدییەكان بەشداری كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی كرد لە وارشۆی پایتەختی وڵاتی پۆڵۆنیا.

رۆژی 14-5-2018، لە زانكۆی (كۆلیگیەم سیڤیتاس) لە وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا و كۆڕبەندی پۆڵەندی بۆ دیپلۆماتی گەنج و بەشی دیراساتی كوردی لە زانكۆی یاگیلونی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی، سیاسەتمەدار، توێژەر و ئەكادیمیستی وڵاتە جیاوازەكانی جیهان كۆنفرانسێكی زانستی نێودەوڵەتی لەسەر (رۆڵی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا) بەڕێوەچوو .
 
لەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەدا (16) توێژینەوەی زانستی جۆربەجۆر پێشكەشكراون كە بابەتەكانیان لەسەر رۆڵی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و رۆڵ و ئایندەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدابوون.
لەو كۆنفرانسە زانستییەدا دكتۆر پێشەوا عەبدولخالق محەمەد، بەڕێوەبەری مەڵبەندی كوردۆلۆجی لە زانكۆی سلێمانی، بە توێژینەوەیەك لەبارەی (داهاتووی هەرێمی كوردستان.. دەرفەت و تەحەدییەكان "ئاڵناگارییەكان") بەشداری كردوە. لەو توێژینەوەیەدا دكتۆر پێشەوا باسی لەو ئاڵنگاری و دەرفەتانە دەكات كە رووبەڕووی كورد دەبنەوە لە كوردستان لەناویاندا ئەو ناكۆكی و پشێوییەی كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی هەیە، هەڕەشەكانی تیرۆر، ناكۆكیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ، كاریگەرییە خراپەكانی دوای ریفراندۆمی 25-9-2017 ی هەرێمی كوردستان كە ئەمانە ئەو كێشە گەورانەن كە تائێستا لەبەر دەم هەرێمی كوردستاندان. دواتر و لەهەمووی مەترسیدارتر ئەو ململانێ تازەیەیە كە لەدوای رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر لە ناوچە دابڕێنراوەكان لەنێوان كوردو پێكهاتەكانی تر دروستبووە كە ئەمە دەكرێت كاریگەری گەورەی هەبێت لەسەر هەنگاوەكانی كورد بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی. هەر لەو توێژینەوەیەدا دكتۆر پێشەوا عەبدولخاق باس لە گرنگی پشتیوانییە دەرەكییەكان بۆ كورد دەكات، كە ئەمە گرنگە بۆ مانەوەی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سەربەخۆ و لە هەمان كاتدا پاراستنی جێگیری و ئارامی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لە توێزینەوەكەدا بە وردی باسی لە گرنگی جێگیری ناوچەیی كردووە بەوپێیەی كورد لە ناوچەكەدا رۆڵێكی گرنگی هەیە تێیدا. 
توێژینەوەكە پشتی بە چەند تیرۆرێك بەستووە بۆ روونكردنەوەی چەمكی جێگیریی ناوچەیی پەیوەست بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان و ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە و گرنگی بۆ ئەمریكا جێگری ناوچەیی بەلای دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهانەوە، هەر لە توێینەوەكەدا باسی ئەوە كراوە كە دروستكردنی دەوڵەت پێویستی بە یەكدەنگی و یەك گوتاری نەتەوەیی هەیە چونكە ناتەبایی و نەبوونی یەكڕیزی و یەك گوتاری لە ناو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان زیانی زۆر گەورەی بە پرسی سەربەخۆیی گەیاندوە، چونكە پشتیوانی دەرەكیش بۆ بوون بە دەوڵەت پەیوەستە بە یەكڕیزی ناخۆییەوە، بۆیە پێویستە بۆ بە دەست هێنانی پشتیوانی دەرەكی بۆ كورد لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەك ریز و یەك دەنگ و یەك گوتار بن. توێژینەوەكەی د. پێشەوا جێگەی بایەخ و گرنگی ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە بووە، بۆیە زانكۆی سلێمانی بە بەیاخەوە لەم چالاكیانە دەڕوانێت و خوازیارە زانكۆكانی كوردستان بەگشتی هاوكاربن و پشتگیری ئەم جۆرە چالاكیانە بكەن. 
 




 2018-05-29
 1348