دەقی وتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە مەراسیمی یوبیلی زێڕینی زانكۆی سلێمانی



دەقی وتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە مەراسیمی یوبیلی زێڕینی زانكۆی سلێمانی

 [email protected]

لە دەستپێكی مەراسیمی یوبیلی زێرینی زانكۆی سلێمانی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتاری دەستپێكی مەراسیمی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی زانكۆ پێشكەشكرد، كە ئەمە دەقەكەیەتی: 

دەقی وتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە مەراسیمی یوبیلی زێرینی زانكۆی سلێمانی  
بەڕێز كاك كۆسرەت رەسوڵ، بەرٍێز كاك محەمەد حاجی مەحمود، بەرێز نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان، بەرێز نوێنەری جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كورستان وەزیرە بەرێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرێزان كەسایەتی نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەرێزان ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، بەرێزان سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلیًَمانی، بەرێز پارێزگاری سلێمانی، بەرێزان سەرۆك زانكۆ حكومی  و تایبەتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەرێوەبەرە گشتییەكان لە دامودەگاكانی حكومەتی هەرێم، رۆشنبیران، هونەرمەندان ئەدیبان و رووناكبیرانی كوردستان، ئەكادیمییان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی خۆشەویست.
 هەموولایەكتان بەخێربێن بۆ یادی یوبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكەمین زانكۆ لە كوردستانی عیراق.. سەرسەرو سەرچاومان هاتن....  
 
خۆشەویستانی زانكۆی سلێمانی 50 ساڵ شكۆ ، 50 ساڵ بەرهەمهێنانی مەعریفەو رەنگ رێژكردنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، نیو سەدە لە پلانی ئایندەو هەوڵ و گەڕانی بەردەوام لە پێناو باشترین رێگاكانی گەیاندنی زانست و فەرهەنگ و زانیاری، 50 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژگارێكدا نەوەیەكی زرنگی نێوكۆڕی خەباتی كوردایەتی بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ مام جەلال، دامەزراندنی ئەم زانكۆیەیان كردە پێش مەرجی دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئەو كاتەی عیراق و دواجار لە ساڵی 1968 ئەو هیوایە چرۆی كردو سلێمانی بووە، خاوەنی یەكەم زانكۆ لە كوردستانداو نازناوێكی تری بۆ سەروەرییەكانی مێژوو گەڵاڵە كرد، ئەو كاروانە لەبەر دەم هیچ هەورازو نشێوێكدا نوێ نەداو سەرەڕای ئەو هەوموو رێگرییانەی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عیراق كە لەبەردەم ئەم دامەزراوەیەدا دروستیان كرد، وەك بۆردومانكردنی زانكۆی سلێمانی لە شاری قەڵادزێ لە ساڵی 1974 كەبوە هۆی شەهیدكردن و برینداركردنی چەندین مامۆستاو خوێندكاری شۆرششگێڕی گەلەكەمان، حكومەتی ئەو كاتەی عیراق هەر بە بۆردومانكردنی زانكۆ وازی نەهێناو سالچی خوێندنی 1980-1981 زانكۆی سلێمانی گواستەرایەوە بۆ شاری هەولێرو ناوەكەشی گۆڕا بە زانكۆی سەڵاحەدین، بەڵام خۆشەویستی نەوەكانی ئەم شارە بۆ زانكۆ وایكرد كە لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991، یەكێك لە دواكارییەكانی وەفدی ئەو كاتەی بەرەی كوردستانی بەسەرۆكایەتی رابەری كوردایەتی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی بوو، بەڵێ زانكۆی سلێمانی سەرلەنوێ دامەزرایەوە، بەهەوڵ و هیمەتی دڵسۆزان و رۆشنبیران و رووناكبیرانی شاری سلێمانی لیژنەیەكی دوانزە كەسیان وەك لیژنەی باڵای دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی پێكهێناو بەهەوڵ و كۆمەكی دانیشتوانی شارو پشتگیری ئەو كاتەی بەرەی كوردستانی لە 14-11-1992 جارێكی تر زانكۆی و سلێمانی ئاوێزانی یەك بوونەوە، لەو رۆژەوە ئیتر زانكۆ رۆژ بەرۆژ لە گەشەكردندایە، لە ئێستادا زانكۆی دایك خاوەنی 24.000 خوێندكارەو گەورەترین و پێشكەوتووترین كەمپی خوێندنی هەیە لە عیراق و خاوەنی پلەی یەكەمە لەسەر ئاستی كوردستان لەرووی زانستییەوە، بەپێی دواین ریزبەندی زانكۆكانی جیهان كە دەزگای ویب مەتریك لە مانگی (7) ی ساڵی 2018 ئەنجامی داوە، هەروەها بەپێی دواین ریزبەندی نیشتمانیی بۆ زانكۆكانی كوردستان كە هەفتەی پێشوو وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، زانكۆی سلێمانی (زانكۆی دایك) لە گروپی یەكەمی زانكۆكانی كوردستانە.
ئەم دەستكەوتەش بە هەوڵ و كۆششی مامۆستایان و كارمەندان و توێژەران و خوێندكارانی زانكۆ بووە، بەم دەستكەوتە شادمانین، بەڵام لای ئێمە ویستگەی وەستانییە، چونكە ئێمە لە سەرۆك مام جەلالەوە ئەو دروشمەمان بەردەوام لە دەرووندا جێگیركردوە كە هەرگیز لەسەر چەپكە گوڵی سەركەوتن ناخەوین و بەردەوام هەوڵدەدەین تا دەگەینە ئەو ئامانجە دوورنمایەی كە كە ئایندەی تێدا مسۆگەر دەكەین.
 زانكۆمان خاوەنی مێژوویەكی شكۆمەندە، فێگەی ژمارە یەكی زۆر لە سەروەرانی رێی خەباتی رزگاری نیشتمانیی بووەو مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی لە ریزی خەباتی نیشتمانیدا سەرمەشقبوون، بەڵگەشمان بۆ ئەوە ئەو پۆلە شەهیدەی زانكۆیە كە سەروەرییەكی مەزنیان لە رابردو ئێستای ئەم نەتەوەیە تۆمار كرد.
 ئێمە لێرەوە لەم یادە مەزنەدا، رایدەگەیەنین كە بە پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو بەلچێنانە دەبەینە سەر كە وەك دەزگایەكی فرە رەهەند لە بوارە جیاوازەكانی ژیاندا بەم نیشتمان و گەلەمانداوە كە لەبەر دەم هیچ دۆخێكدا دەستبەرداری ئەو ستانداردانە نابین و هەوڵدەدەین لە ئایندەدا مەوداكان فراوانتر بكەین، وەك هەمیشە زانكۆی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە ئامادەكردنی ستافی بەتواناو راهێنراو بۆ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەشەكردنی كەرتی تایبەت و هاوكات پێشەنگ دەبێت لە لە پرۆسەی گۆڕینی كۆمەڵ، لەر ێی ئامادەكردنی دەرچووان كە زانست و مەعریفەو داهێنان شوناسی هەمیشەییانە. پشتیوانی هەمیشەیی ئێوە بۆ زانكۆمان ئەو تروسكەیەی هیوایە لە ئاسۆی بڵندبوونی ئەم دامەزراوە ئەكادیمەییە گرنگ و فرە هەستەوەرەدا پرشنگ دەدات و ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵدەچنین و متمانەمان بە هەنگاوی داهاتوو پتەوتر دەكات.
 بەرزو پیرۆزبێت یادی یوبیلی زێڕینی زانكۆی سلێمانی، سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی كوردستان شەهیدانی زانكۆی سلێمانی، سەوپاس بۆ سەرجەم كەسانەی هاوكاری و پشتیوانی زانكۆ بوون لە 50 ساڵی رابردودا.
 
 ئێوەش هەردەم شادو سەربەرزبن...   
 

 





 2018-11-28
 901