زانكۆی سلێمانی سكاڵا لەسەر كەناڵی ئێن ئار تی تۆماردەكات
[email protected]پاش بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرت و هەواڵێكی بێ بنەما دەربارەی زانكۆی سلێمانی لە كەناڵی NRTەوە ، زانكۆی سلێمانی سكاڵای یاسایی لە دژی كەناڵی ناوبراو تۆماردەكات.
دوابەدوای ئەوەی كە كە ناڵی NRT بەبێ گەڕانەوە بۆ راستی و دروستی سەرچاوەكانیان و رەچاو كردنی ئیتیكی رۆژنامەوانی، ناپیشەییانە چەند راپۆرت و هەواڵێكی بێ بنەما لەسەر گەشتی زانستی و ئەكادیمی وەفدو نوێنەرایەتییەكانی زانكۆ بۆ چەند زانكۆیەكی وڵاتانی دەرەوە بڵاوكردەوە، رۆژی دووشەممە 3-12-2018، نوێنەری یاسایی زانكۆی سلێمانی لە بنكەی پۆلیسی راپەڕین داواكاری سكاڵای یاسایی پێشكەشكردووەو بۆ هەمان مەبەست لیژنەیەكی تایبەت بۆ گەڕان و كۆكردنەوەی زانیاری پێكهێناوە .
لەم بارەیەوە عەبدولرەحمان نادر مارف بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی یاسای زانكۆی سلێمانی وتی: زانكۆی سلێمانی بە مافی خۆی دەزانێت بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی كەناڵەكانی راگەیاندن بكات كە دەبنە هۆی لەكەداركردنی شكۆی زانكۆی سلێمانی و بە پیێ یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكات .
هەر لەو لێدوانەی دا عەبدولرەحمان نادر مارف بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی یاسای زانكۆی سلێمانی ووتی " (لیژنەی گەڕان و كۆكردنەوەی زانیاری) كە بۆ هەمان مەبەست پێكهێنراوە بەدواداچوونی بۆ ئەو هەواڵانە كردووە و نووسراوی تایبەتى ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكان كردووە و لەم نزیكانەدا وەڵام دەدرێنەوە. داواشی لە دەزگا راگەیاندنەكان كرد بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی زانیارییەكانیان و بۆ ئەوەی نەكەونە هەڵەی یاساییەوە ، پشت بە سەرچاوەی راست ببەستن ، دەرگاكانی زانكۆش هەمیشە كراوەیە بۆ دەستكەوتنی هەر زانیاریەك.
2018-12-06
1087