دەقی وتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە ئاهەنگی خولی دەرچوانی 33 هەمینی خوێندكاران، خولی یوبیلی زێڕین
[email protected]خوێندكارانی ئازیز
مامۆستایانی بەڕێز
كەس و كاری سەربەزی خوێندكاران
ئەمڕۆ خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە بەشداردەبم لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە ئاهەنگی خولی دەرچووانی (33) هەمینی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی بۆ ساڵی خوێندنی (2017-2018) ، كە هاوكاتە لەگەڵ یادی یۆبیلی زێڕینی (50) ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی (زانكۆی دایك) كەیەكەمین زانكۆ بووە لە كوردستانی عیراق لە ساڵی (1968)دامەزراوە.
بەبۆنەی دەرچوونی (4800)خوێندكاری زانكۆی سلێمانی لە سەرجەم پسپۆڕییەكان، بە ناوی خۆم و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی پیرۆزباییەكی گەرم لە خوێندكارانی دەرچووی خولی (33)هەمین و خانەوادە بەڕێزەكانیان دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەربەرزو سەرفرازبن لە ژیانی دوای خوێندنی زانكۆییاندا.
بەڕێزان..
لای هەمووتان ئاشكرایە ئەم ناوەندە ئەكادیمیە گەورەیەی شاری سلێمانی ساڵانە پۆلێك لە خوێندكارانی بە تواناو گەنجی بە ئەزموون و لاوی خوێن گەرم پێشكەش بە كۆمەڵ دەكات و ئامادەیان دەكات بۆ خزمەتكردنی كوردستان و هاونیشتمانیانی گەلەكەمان، بۆیە لێرەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كورستان و كەرتی تایبەت و كۆمپانیا جیهانی و ناوخۆییەكان دەكەم سود لە تواناو ئەزموونی ئەم پۆلە خوێندكارە خاوەن بڕوانامەیە وەربگرن بۆ داڕشتنی بنچینەی كوردستانێكی ئازادو ئارام لەسەر بنەمای مافەكانی مرۆڤ، تا لە رێگەی كەسانی خوێندەوارو خاوەن بڕوانامە ژێرخانی ئابوری كوردستان ببوژێتەو، تیایدا هەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ بڕەخسێت.
خوێندكارانی خۆشەویست...
لای هەموومان ئاشكرایە ماوەی 4 ساڵە چ جۆرە قەیرانێكی سەخت رووی لە سەرجەم دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە، دیارە زەرەرمەندترین ناوەند، ناوەندی ئەكادیمی و زانستییەكان بووە بەهۆی ئەم قەیرانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هەوڵ و هیمەتی سەرجەم مامۆستایان ە فەرمانبەران و خوێندكاران نەمان هێشتووە ئاستی زانستی زانكۆی دایك كاریگەر بێت بەهۆی ئەو قەیرانە سەختەوە، دەمەوێت ئەوە دووپاتبەكەمەوە كە زانكۆكەتان زانكۆی دایك لەگەڵ بوونی ئەو قەیرانە سەختەدا ئاستی پێشكەوتنی زانستی زۆر بەرزبووەتەوە ئەو راستییەش تەنها بە داتای ساڵی 2018 بۆتانی روون دەكەینەوە:
1- زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی كوردستان یەكەمە، كە بەپێی ریزبەندنی جیهانی (ویب مەتریك) بۆ ساڵی 2018 لە مانگی (7).
2- زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی كوردستان لە گروپی یەكەمە بەپێی ڕیزبەندی نیشتمانی (UNR) كە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لە مانگی (11) ی 2018 رایگەیاند.
3- زانكۆی سلێمانی (1/3)ی باشترین توێژەرانی كوردستانی هەیە ئەوەش بەپێی ئەو ڕێزلێنانەی كە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە (11-12-2018) لە شاری هەولێر ئەنجامیدا، لەو رێزلێنانەدا لە كۆی 22 توێژەر زانكۆی سلێمانی (7) توێژەریان مامۆستای زانكۆی سلێمانی بوون.
ئەو داتایانە ئەوەمان پێ دەڵێن كە چۆن زانكۆی سلێمانی (50) ساڵ لەمەوبەر یەكەمین زانكۆبووە كە دامەزراوە، ئێستاش لەرووی زانستییەوە یەكێكە لە زانكۆ یەكەمەكانی كوردستان، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێوەی خوێندكارز فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆمان.
لێرەوە ڕێزو سوپاس و دەست خۆشیم بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەی لە ماوەی خوێندنی زانكۆیتان ئێوەیان بەزانست و زانیاری پێگەیاند.
ڕێزو سوپاس و دەست خۆشیم بۆ فەرمانبەرانی خۆشەویستی زانكۆی سلێمانی كە هاوكاربوون بۆ فەراهەم كردنی ژینگەیەكی تەندروست و ئارام بۆ ئێوەی خۆشەویست.
ڕێزو سوپاس و پێزانیم بۆ لیژنەی ئامادەكاری ئاهەنگی خولی دەرچوانی (33) هەمینی زانكۆی سلێمانی.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
سەری ڕێزونەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی كوردستان
دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچوان دەكەم و ێوەش هەرشادبن...
پ.ی.د. رەزا حسن حسێن
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی
2018-12-19
695