لە زانكۆی سلێمانی رۆژی زمانی دایك بەرز راگیرا



لە زانكۆی سلێمانی رۆژی زمانی دایك بەرز راگیرا

 [email protected]

ئەمڕۆ 21-2-2019، بەبۆنەی رۆژی زمانی دایك و لە ژێر دروشمی ( زمانی ئێمە، ناسنامەی ئێمەیە) كۆلێژی زامانی زانكۆی سلێمانی رێوەرەسمێكی شایستەیان بەو بۆنەیەوە رێكخست.

سەرەتای رێو رەسمەكەش بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستپێكرد، دواتر لەلایەن پرۆفیسۆر د. كاوە عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی خوێندرایەوە و رایگەیاند: بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانییەوە بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێژی زمان دەكەم و هیوام سەركەوتنیانە لە سەرجەم كارەكانیاندا.
 راشیگەیاند: هەروەك ئاشكرایە رۆژی جیهانی زمانی دایك لە لایەن رێكخراوی (یونسكۆ)وە رۆژی  22 ی شوبات دیاریكراوە، كە ئەم یادە لە هەموو جیهاندا لەم رۆژەدا دەكرێتەوەو رێورەسمی تایبەتی بۆ سازدەكرێت، وتیشی: ئێمەش وەك گەلی كورد خاوەنی زمانێكی تایبەتی خۆمانین و شانازی پێوە دەكەین و دەبێت كاری جددی بكەین بۆ گەشەپێدان و بە زیندویی هێشتنەوەی زمانەكەمان كە ناسنامەی نەتەوەكەمانەو ناسنامەی هەرنەتەوەیەكیش لە دونیادا زمانەكەیەتی، بۆیە پاراستن و بەزیندویی هێشتنەوەو گەشەپێدانی لەرووی زانستی و ئەكادیمییەوە ئەركێكی نیشتمانیی پیرۆزە.
پاشان وتاری كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی بەم بۆنەیەوە، لەلایەن د. عەبدولقادر راگری كۆلێژی زمان خوێندرایەوەو بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم گەلی كوردستان كردو ئەوەی بە بیری ئامادەبووانی هێنایەوە، كە دوژمنانی گەلەكەمان لە مێژە هەوڵی لەناوبردنی زمانی شیرینی كوردییان داوەو بۆ ئەوەش چەندین پیلانیان دەرهەق بە میللەتەكەمان ئەنجامداوە، لە رێگەی پەروەردەو تێكدانی كلتوری كوردەواری، بەڵام خۆشبەختانە كورد ملی بۆ هیچ یەكێك لەو پیلانانە نەداوەو خۆشبەختانە زمان و كلتوری خۆی پاراستووە، كە ئەمە یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكان بۆ نەتەوەكەمان .
پاشان چالاكییەكانی خوێندكارانی كۆلێجی زمان بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایك بەڕێوەچوو، كە خۆی لە خوێندنەوەی شیعرو گۆرانی و نمانیشكردنی چەندین تابلۆی رەنگینی هەڵپەڕكێی كوردەواریدا دەبینییەوە، هەروەها نمایشكردنی چەندین جۆر خواردنی كوردەواری كە ئاهەنگەكەیان زیاتر رازاندبووەوە.
 
 




 2019-02-21
 1250