بە هاوبەشی یەكێتی ئەوروپا، زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەددین و چەرمۆ كونفرانسێكی نێودەوڵەتی رێكدەخەن
[email protected]لەسەر راسپاردەی بەرێز د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هاوبەشی یەكێتی ئەوروپا، زانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەددین و چەرمۆ كونفرانسێكی نێودەوڵەتی رێكدەخەن.
لە چوارچێوەی دیدارو كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ رێكخەرانی پڕۆژەی (ئیرەسمەس پڵەس) ی، یەكێتی ئەوروپا لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ 21-2-2019، شاندی هاوبەشی زانكۆكانی سلێمانی بە سەرۆكایەتی هەریەك لە پرۆفیسوری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین و د. سەڵاح رەزا سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ ، د.خەتاب شێخانی بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێری و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د. محەمەد حسێن. ئەحمەد سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەگەڵ نوێنەرانی پرۆژەی ئیرەسمەس پڵەس كۆبوونەوە.
لەوكۆبوونەوەیەدا، لەسەر راسپاردەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردرا بە دروشمی "پرۆسەی بۆڵونیا و بەنێودەوڵەتیكردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كورستان" لە ژێر چاودێری وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆنفرانسێكی هاوبەش لە نێوان هەر سێ زانكۆی سلێمانی و زانكۆی سەڵاحەددین -هەولێر و زانكۆی چەرمۆ - چەمچەماڵ رێكبخرێت.
كۆنفرانسەكە تایبەت دەبێت بە خێراكردنی هەوڵەكانی پەیرەوكردنی پڕۆسەی بۆڵونیا و بە مۆدێرنكردن و بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە پرۆفیسوری یاریدەردەر د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند: ئامانجی سەرەكی كۆنفرانسەكە بۆ زیاتر كرانەوەی پرۆسەی خوێندنی باڵایە بەڕووی جیهاندا، هەروەها بەرزكردنەوەو باشتركردنی كواڵيتی خوێندن و رێكخستنەوەو یەكانگیركردنی سیستمەكانی خوێندنە لە زانكۆكانی كوردستان، بە شێوەیەك كە زیاتر خوێندكار سەنتەرگەرایی بێت .
پێشتریش بۆ هەمان مەبەست شاندی پرۆژەی (ئیرەسمس پلەس)ی یەكێتی ئەوروپا چەند جارێك سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، وەك ئامادەكاری بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەرەو سیستمێكی خوێندنی نێودەڵەتی مودێرن.


2019-02-21
1149