په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌



په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌

 zanyar.fatah@univsul.edu.iq

 مامۆستایان ، فه‌رمانبه‌ران و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی….

 

     به‌بۆنه‌ی هاتنی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی نوێی کوردی-یه‌وه‌ به‌ناوی خۆم وئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ پیرۆزباییه‌کی گه‌رمتان لێده‌که‌ین، به‌ ناوی ئێوه‌شه‌وه‌ پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگه قارەمانه‌کان و گه‌لی کورد له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان و گەلان و ناوچه‌که به‌ گشتی ده‌که‌ین.

 نه‌ورۆز كه‌ له‌ مێژووی کورد و پێکهاته‌ و گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا هێمای تێکوشانه‌ له‌ دژی چه‌وسانه‌وه‌ وسته‌م و داگیرکاری، هه‌میشه‌ هەڵگری په‌یامی ئازادی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی گه‌لان ‌بووه‌ . ئێمە ئه‌مساڵ‌ له‌ کاتێک دا پێشوازی له‌ نه‌ورۆز ده‌که‌ین که‌ کوردستان له‌ رووی ئه‌منی و ئابوری و سیاسیشه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغی به‌رزتر هه‌نگاو ده‌نێ، له‌گه‌ل په‌یامی پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆز ، په‌یامی سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی به‌سه‌ر تیرۆر بۆ جیهان راده‌گه‌یه‌نێت، له‌ سه‌ر ئاستی ناخۆیش هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌ ‌‌‌‌به‌ره‌و پێکهێنانی کابینه‌ی حکومه‌ت و چاره‌سه‌رکردنی به‌شێک له‌ کێشه‌ سیاسی و ئابورییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عیراق به‌ تایبه‌ت لابردنی پاشه‌که‌وتی سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و باشتركردنی گۆزه‌رانی خه‌لکی كوردستان به‌ گشتی .

 

له‌کایه‌ی زانستی و ئه‌کادیمیش دا په‌یمانگه‌ و زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان رۆژ بۆ رۆژ ده‌ستکه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنن، پێگه‌ی زانستی و پێشکه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌کانی زانکۆی سلێمانی باشترین نموونه‌ی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ن. هیواشمان وایه‌ به‌ هه‌وڵ و هیمه‌تی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران و خوێندکارانمان به‌ره‌وپێشچوونی زیاتر به‌ده‌ست بهێنین به‌ره‌و دابینکردنی ئایندەیەكی گه‌شتر بۆ نه‌وه‌کانمان. نه‌ورۆزتان پیرۆز و هه‌موو ساڵێک له‌ ئاشتی و ئازادیدابن...

 پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر 
د.ره‌زا حه‌سه‌ن
 سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی
 

 





 2019-03-20
 258