ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی كۆبووەوە
[email protected]ئەمڕۆ 3-4-2019، بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا لەلایەن نوێنەری خوێندكارانەوە كێشەو كەموكوڕییەكان و داخوازییەكانی خوێندكاران بۆ ئەنجومەن خرانەڕوو، دواتر لە لایەن ئەنجومەنی زانكۆوە گفتوگۆی تەواو لەسەر كێشەكان كراو پێشنیاری سەرجەم ئەندامان لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكان خرانەڕوو، بەڵێنی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانیان پێدرا.
بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی كردنەوەی پێشانگایەكی گەورەی كتێب لە زانكۆی سلێمانی كە بە هاوبەشی دەزگای ئەهرامی میسر لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە، هەرلە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە، گفتوگۆی تەواو لەسەر وردەكارییەكانی پێشانگاكە كراو راو سەرنجی، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر چۆنێتی كردنەوەی پێشانگاكە وەرگیرا.
هەرلە كۆبوونەوەكەدا بەڕێوەبەری سەنتەری زمان و كلتوری زانكۆی سلێمانی ئامادەبوو تێیدا باسی لە پڕۆژەیەكی گرنگ كرد كە لە لایەن رێكخراوێكی نێودەوڵەتییەوە لە زانكۆكانی هەرێم ئەنجامدەدرێت، كە زانكۆی سلێمانیش لەو پرۆژەیەدا بەشداردەبێت كە بریتییە لە پێشبڕكێیەكی زمانی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ، كە مامۆستایان و خوێندكارانی سەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆ دەتوانن تێیدا بەشداربن بە تایبەت ئەوانەی كە زمانی ئینگلیزییان باشە، كە ئەنجامی ئەم پێشبڕكێیە گرنگییەكی زۆر باشی بۆ ئاستی زانستی و بەرزكردنەوەی ئاستی رانكینی زانكۆ دەبێت.
هەر سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەران، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەن تەئكید لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت ئەو بڕیارەی كەدراوە بە تەواوەتی لەسەرجەم زانكۆ بێ جیاوازی جێبەجێبكرێت، كە دەوامی فەرمانبەران لە سەعات 8:30 دەقیقە بۆ 2:30 دەقیقە بێت و دەبێت مامۆستایان و فەرمانبەران بە باشی پابەندی دەوامی یاسای خۆیان بن.
دواتر ئەنجومەنی زانكۆ بڕیاریدا لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو خانوانەی زانكۆ بكرێت كە هەندێك مامۆستا بە مەرج یان بەبێ مەرج وەریان گرتووە، بەڵام لە تائێستا چۆڵە یان هەندێك مامۆستا خانووەكەی بەمەرجێك وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا مەرجەكەی تێدا نییە، بۆیە بەپێی رێنماییەكان دەبێت خانووەكەی لێوەربگیرێتەوەو هەمان لیژنە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مامۆستایانە دەكات كە دواتر دەتوانن ئەو خانووانەیان پێبدرێت.
پاشان بە پێی ئەنجدای كۆبوونەوەی ئەنجومەن، گفتوگۆی تەواو لەسەر كێشەو كەموكوڕییەكان كراو تاوتوێی تەواوی سەرجەم ئەو پێشنیارانە كرا كە بۆ چارەسەریان لە ئەنجومەن خرانەڕوو.




2019-04-03
430