كۆبەرهەمی نوسەرو ئەدیب خاتوو گەلاوێژ پێشكەشی مامۆستایانی زانكۆ كرا
kosar othman([email protected])ئەمڕۆ 15-4-2019، رێورەسمی دابەشكردنی كۆبەرهەمی نوسەرو و ئەدیب خاتوو گەلاوێژ بەسەر مامۆستایانی زانكۆ بەڕێوەچوو.
لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی زانكۆی سلێمانی بەئامادەبوونی نوسەور ئەدیب (گەلاوێژ فەقێ ساڵح)، ناسراو بە خاتوو گەلاوێژو پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی و چەندین نووسەرو ئەدیب و رۆشنبیر و مامۆستای زانكۆ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، رێورەسمی دابەشكردنی كۆبەرهەمی نوسەرو ئەدیب خاتوو گەلاوێژ بەسەر مامۆستایانی زانكۆ بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێورەسمەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستیپێكرد، دواتر لە لایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتاری زانكۆی سلێمانی خوێنرایەوە، تێیدا باسی لە رۆڵی نوسەرو ئەدیبانی كوردو بەرهەمەكانیان كرد لە سود گەیاندن بە زانكۆو ناوەندە ئەكادیمییەكان، لە نێویشیاندا زانكۆی سلێمانی، هەروەها باسی لە رۆڵی خاتوو گەلاوێژو بەرهەمەكانی كرد لە دەوڵەمەندكردنی ئەدەبیاتی كوردی، كە خاتوو گەلاوێژ بەدەر لەوەی كە وەك نووسەرێك باس دەكرێت، خودی ئەم خاتوونە كەسایەتییەكی ناسراو و لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێرو نیشتمانپەروەر بووەو خەبات و مێژووی خانەوادەی ناوبراو شایەتی ئەوە دەدەن، وتیشی: خاتوو گەلاوێژ لەبواری نووسین و ئەدەبیاتی كوردی لە نوسینی چیرۆك و رۆماندا رۆڵێكی گەورەی هەبوو و بە نووسینی چەندین چیرۆك و رۆمان توانیوێتی خزمەتێكی گەورە بە بواری ئەدەبیاتی كوردی بكات، ئەمڕۆش وەك زانكۆی سلێمانی خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین لە رێورەسمێكدا كۆبەرهەمی ئەم خاتوونە پێشكەش بە مامۆستایان و ئەكادیمیستان دەكەین.
دواتر لەلایەن پرۆفیسۆر زاهیر لە تیف سەرپەرشتیاری سایتی گەلاویژَ، وتاری سایتی گەلاوێژی خوێندرایەوە، كە تیایدا بە وردی باسی لە شێوازو شێوە زمانی نووسینی خاتوو گەلاوێژكرد، كەشێوازێكی تایبەتی هەیە لە نووسیدا كە زمانە سروشتیەكەی وەك نوسەرێك كاری پێدەكات و زمانە بەرگریەكەشی تەواو زاڵە بەسەریدا، چونكە ئەگەر رۆمانی بەرەو ئەشكەوتی دلێران بخوێنینەوە دەبینین زمانێكی بەرگری زۆر سەیری بەكار هێناوە دەتوانم بڵێم رەنگە ئەوە لای دەوڵەت ئابادی نمونەی هەبێت.
جێی باسە گەلاوێژ ساڵح فەتاح كە هەڵگری نازناوی گەلاوێژە، لەدایكبووی موسڵ، 6ی ئەیلولی ساڵی 1930 لەخێزانێكی كوردپەروەرو تێكۆشەرو نیشتمانپەروەر هاتۆتە دنیاوە، عەشیرەتی باوكی، قوچەبەگی، یەكێك بووە لەعەشیرەتە بەناوبانگەكانی باكوری كوردستان لە رەسەنایەتیو دێرینیدا.
باپیری (باوكی دایكی) كە ئەفسەرێكی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا شەهید دەبێت.
خاڵەموحەمەدی، هاوڕێیەكی نزیكی عەبدولكەریم قاسم بوو، یەكێك بووە لە شۆرشگێرانی شۆرشی چواردەی تەمووز.
هەمزە عەبدوڵای خاڵی ماف پەروەرو سیاسەتمەدارو دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكەم سكرتێری ئەوپارتە بوو.
لەساڵی 1947 هاوسەرگیری لەگەڵ بیرمەندو نوسەرو سیاسەتمەدار ئیبراهیم ئەحمەد دەكات.
دواتر، مام جەلال بەهۆی هاوسەرگیری كچە گەورەكەیەوە هێرۆخان زیاتر تێكەڵ بە خێزان دەبێت بەو پێیەی پێشتر، بەهۆی كاری سیاسییەوە، هاوڕێیەتی لەگەڵ هەمزە عەبدوڵاو ئیبراهیم ئەحمەددا زۆر پتەو بووە.
هەر لە منداڵییەوە، خولیای خوێندنەوەو نوسین بووە.
لەسەرەتاوە، وەك خۆی دەڵێت، كاریگەری تۆفیق ئەلحەكیمو مەكسیم گۆركی لەسەر بووە.
ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری، تەواو پیشتگیری لە خوێندنەوەو نووسینەكانی كردووە، لە هەمان كاتیشدا بەرهەمەكانی مامۆستا بۆتە سەرچاوەو سەرچاوە لێگرتنێك بۆ نوسیەكانی بەگشتیو چیرۆكو رۆمانەكانی بەتایبەتی.
بەرهەمە گێرانەوە گەریەكانی ئەوە دەسەلمێنن كە ئاستی تەكنیكی لە ئاستێكی بەرزی داهێناندایە.
ئەمەش لە رێگەی كاریگەریە لاوەكیو دەرەكییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە.
گەر بە چاوی رەخنەوە پشكنین بۆ دەقەكانی بكرێت ئەوا هەر زوو دەگەین بەو راستیەی كە گەلاوێژ خاوەن دەسەڵاتێكی بیركردنەوەو شێوازی دەربڕینو زمانی خۆیەتی كە جوودایان دەكاتەوەلە بەرهەمی نووسەرانی تر.
تەواو یاساو پێوەرەكانی چەمكی گەرانەوە گەری بەكارهێناوە.
گەلاوێژ خاوەنی نزیكەی 27 بیستو حەوت بەرهەمە كە زۆربەیان، خۆیان لە چیرۆكو رۆماندا دەبیننەوە بەنموونەی، بەرەو ئەشكەوتی دلێران (سێ بەش، دایكو كوڕ، بوكی ئاتە خان، پایزو خونچە، دنیا بێشەیە، رێبوارێكی سەرگەردان، كارەكەر، لەسەر باڵی سیمورخ، ئەفسانەی گەلی ناوگردان،...هتد.
لەكۆتایی مەراسیمەكەشدا كۆبەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ بەسەر ئامادەبوواندا دابەشكرا.









2019-04-15
526