زانکۆی سلێمانی دکتۆرای شانازی بەخشییە مامۆستای هونەرمەند مەزهەر خالقی



زانکۆی سلێمانی دکتۆرای شانازی بەخشییە مامۆستای هونەرمەند مەزهەر خالقی

 kosarothman([email protected])

 زانکۆی سلێمانی لەبەرامبەر تەمەنێک خزمەتی هونەری کوردی، دکتۆرای شانازی بەخشییە هونەرمەند مەزهەر خالقی.

ئەمڕۆ 2-5  لە ژێر چاودێری (د. یوسف گۆران) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانکۆی سلێمانی ، لە مەراسیمێکی شایستە و بە سپۆنسەریی دەزگای میدیایی کوردسات، دکتۆرای فەخری بە مامۆستای هونەرمەند (مەزهەر خالقی) بەخشی.

.بەخشینی دکتۆرای شانازی بە هونەرمەند مامۆستا مەزهەری خالقی لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە لە پای هەوڵی بێپایانیەتی لە بواری هونەر و کۆکردنەوەی ئەرشیڤی کولتووری و کەلەپووری زارەکی کوردستانە بەمەبەستی گەشەپێدان و گوێزانەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو".

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 23000 میلۆدی کۆکردووەتەوە و زیاتر لە 300 کتێبی بە کوردی، عەرەبی و، ئینگلیزی چاپکردووە و بڵاوبووەتەوە. 60000 وێنەی هەرچوار پارچەی کوردستان کۆکراونەتەوە جگە لە 200 بەرهەمی گۆرانی کە لەلایەن ئەنستیتیوتەکەی مامۆستا مەزهەرەوە تۆمارکراون".

مەزهەر خالقی ساڵی 1939 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە زانکۆی تاران بەشی فیزیای تەواو کردووە و دواتر چووەتە رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی حکومەتی ئێران. بۆ ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و رەنگی سنە و کرماشان بووە.

دوای شۆڕشی ئێران لەساڵی 1979 و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، خالقی نیشتمانیی دایکی جێهێشتووە و بۆ ماوەیەک لە هەندەران و دواتریش گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 250 ئاوازی فۆلکلۆری تۆمارکراوی هەیە و ئێستا بەڕێوەبەری ئەنستیتیوتی کەلەپووری کوردە لە شاری سلێمانی و لە بوارەکانی هونەر، ئەدەبیات و فۆلکلۆر چالاکی دەکات.





 2019-05-02
 815