ئەنجوومەنی زانكۆ كۆبوونەوەو هونەرمەند مەزهەری خالقیش سوپاسی كردن
kosar othman([email protected])ئەمڕۆ 6/12 بەسەرۆكایەتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی زانكۆ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بۆ ساڵی خوێندنی 2018-2019 بەڕێوەبرد.
سەرەتای كۆبوونەوەكە سەرۆكی زانكۆ پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی لەئەندامانی ئەنجوومەن كردو وتیشی ئومێدەوارم جەژن و پشوویەكی خۆشتان بەسەربردبێت.
پاشان هونەرمەند مامۆستا مەزهەری خالقی كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو پێیخۆش بوو لەنزیكەوە سوپاسی سەرۆكی زانكۆو یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی بكات، لەپای بەخشینی دكتۆرای فەخری بە بەڕێزیان،وتیشی من هەموو ئەو خزمەت و تەمەنەی هێناومە لەبواری هونەری گۆرانی وتندا هیلاكی زۆر و كاتی باشم بۆ تەرخانكردووە بۆیە ئەمڕۆ لەشاری سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەری ڕەنجی ئەو كاتەی تەرخانمكردبوو لەژیانمدا چنیمەوە و زۆر شانازی بەو ڕێزلێنانەو بڕوانامەیە دەكەم كە ئێوە پێتان دام وهیلاك بوون لەگەڵم، وتیشی ئێستا هەست بە ئارامی ماندووبونەكەم دەكەم.
هەر لەوكۆبوونەوەیەدا بەبۆنەی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی هیوای سەركەوتنی بۆ خوێندكاران خواست و، وتی دەستی ماندووبوونی تەواوی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دەگوشم كە بەدرێژایی ئەمساڵی خوێندن بە دڵسۆزییەوە ئەركی سەرشانیان جێ بە جێ كردووە و هەروەها هیوای سەركەوتن بۆ خوێندكارە ئازیزەكان دەخوازم و پێیان دەڵێم هەوڵ و كوششتان بەرچاو و درەوشاوەیە هیوام وایە هەر بەو گڕوتینە بەردەوام بن بۆ ئەوەی وەك هەمیشە زانكۆكەتان زانكۆی دایك بە پێشەنگی ناوەندە زانستی و ئەكادیمیاكانی كوردستان بمێنێتەوە، داواشی لە ڕاگرە بەڕێزەكان كرد بە ووردی چاودێری پرۆسەی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بكەن.
2019-06-12
529