بەهۆی ئەو داهێنانە گەورەیەی كە كردووەیەتی مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بەشداری كۆنفرانسێكی زانستی دەكات لە بۆستنی ئەمریكا
[email protected]مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی، بەهۆی داهێنانەكانییەوە لە بواری بەرهەمهێنانی گەنم و دانەوێڵەدا، بەشداری یانزەیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی نەخۆشییەكانی رووەكی كرد لە شاری بۆستنی ئەمریكا.
د. عیماد مەعروف غالیب، مامۆستا لە كۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی بەرپێشكەشكردنی توێژینەوەیەك بەشداریی لە "یانزەیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی نەخۆشییەكانی رووەك" كرد، كە لە شاری بۆستن-ی ئەمەریكا بەڕێوەچوو.
2450 توێژەر لە 84وڵاتەوە بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كردبوو، كە لەلایەن "كۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانستی نەخۆشییەكانی رووەك- ISPP"ەوە رێكخرابوو.
د. عیماد مەعروف غالیب، خاوەنی دوو خەڵاتی جیهانی و پێنج خەڵاتی ناوخۆییە، تاكو ئێستایش 93 توێژینەوەی لە بواری كشتوكاڵدا ئەنجامداوە
لەماوەی رابردووشدا، تەرزێكی نوێی گەنمی بەرهەمهێنا بەناوی "رێزان"، كە ماوەی 10 ساڵ كاری لەسەر كردبوو.
پێشتریش 15 تەرزی دیكەی گەنم و پێنج تەرزی جۆ و سێ تەرزی نوێی برنجی بەرهەمهێناوە. ئێستایش وا بۆ 20 ساڵ دەچێت سەرقاڵی بەرهەمهێنانی تەرزێكی دیكەیە كە ناوی "چەرمو"ی لێناوە و هەر لەناو كێڵگەكانی كۆلێجی زانستە كشتوكاڵییەكاندا لەسەر روبەری 50 دۆنم كاریان لەسەر دەكات.
"یانزەیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی نەخۆشییەكانی رووەك" لە 29ی تەمموز لە شاری بۆستنی ئەمەریكا دەستیپێكردو لە 3ی ئاب كۆتاییهات.

2019-06-16
829