وەزیری خوێندنی باڵا: زانکۆی سلێمانی لەڕووی زانستی و خەباتی نەتەوەییەوە پێشەنگ بووە



وەزیری خوێندنی باڵا: زانکۆی سلێمانی لەڕووی زانستی و خەباتی نەتەوەییەوە پێشەنگ بووە

 [email protected]

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی بەرچاوی هەیە، بەجۆرێک لەڕیزبەندی وێبۆمێتریکس لە ئاستی هەرێم یەکەمەو لەسەر ئاستی جیهانیش بەرەو ڕیزبەندی (٤٠٠٠) هەنگاوی ناوە، ئەمەش مانای وایە زانکۆکانی ئێمە توانایان هەیە بچنە سەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی.
ئەم وتانەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (٤/٨/٢٠١٩) لەمیانی بەشداریکردنی هات، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی، کە تیایدا هەریەک لە سەرۆکی زانکۆ و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و ڕاگری کۆلێژەکان ئامادەبوون.
 
زانکۆی سلێمانی: بە پشتگیری وەزارەت، دەتوانین زیاتر لەڕووی زانستی پێشبکەوین
لەسەرەتای کۆبونەوەکە د. رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بەناوی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستاو فەرمانبەران بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ستافی وەزارەتی کرد، و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەبەشدارییان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ، و وتی: زانکۆی سلێمانی یەکێکە لە زانکۆ گەورەکان بۆیە پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری وەزارەت هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پرۆژەو کارەکانی زانکۆ چوارچێوەیەکی فراوانتر وەربگرێت، وتیشی: لە ئامادەکاریداین بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن، بۆ ئەمەش لەکۆبونەوەمان لەگەڵ ڕاگرەکان بۆچون و تێبینی خۆمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن خستۆتەڕوو.
 
زانکۆی سلێمانی جگە لەبەرزی ئاستی زانستی، لەڕوی نەتەوایەتیشەوە پێشەنگ بوە
لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەبەشداری لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ، و وتی: زانکۆی سلێمانی لە قۆناخە جیاجیاکاندا خاوەنی مێژوویەکی سەربەرز و قوربانی دان بوە، بۆیە شانازییە ئەگەر بتوانین لەم کاروانەدا ئێمەش خزمەتێکی ئەم زانکۆیە بکەین، کە بەدرێژایی مێژوو ناوەندێکی گرنگی مەعرفی و ئەکادیمی و رۆشنگەری بوە.
وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی: لە شۆڕشەکانی کوردستاندا زانکۆی سلێمانی رەمزی مقاوەمەت و قوتابخانەی کوردایەتی بووە، بۆیە ئەگەر شاری سلێمانی بەهەق نازناوی شاری هەڵمەت و قوربانی بەدەستهێنانبێت، ئەوا هەڵگری ئەم مەشخەڵە مامۆستایان و دەرچووانی زانکۆ بەشێکی گرنگ و دیار بوون لە بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، هەر ئەمەش وایکرد ببێتە چقڵی چاوی دوژمنان، بۆیەش ڕژێمی بەعس کاتێک زانکۆی سلێمانی بۆ دەستەمۆ نەکرا، بڕیاری ڕاگواستنی زانکۆکەی دا، پێی وابوو بەدورخستنەوەی زانکۆی سلێمانی مەشخەڵی کوردایەتی دەکوژێنێتەوە، ، وتیشی: زیندوویی ئەم زانکۆیە جگە لە بەرزی ئاستی زانستی لە ڕووە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیەکەشەوە پێشەنگی قوتابخانەی کوردایەتی پێشکەوتنخواز و هاوچەرخ بوە.
 
هەردو ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفا لە پێشەنگەکانی خزمەتکردن بون بە زانکۆی سلێمانی
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەر لە وتەکەیدا لەبەردەم سەرۆک و ڕاگری کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند: لە دوای دامەزراندنەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ بەدواوە ئەم زانکۆیە دووبارە گەشەی کردو وەک ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیری هاتەوە مەیدان، بۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەین کە لە بنیادنان و دامەزراندنەوەی بەشدار بوون، بەتایبەتی هەردو ڕەوانشاد جەنابی سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفا لە پێشەنگەکانی ئەم زانکۆیەن، زیاتر وتی: سوپاسی هەموو ئەو سەرۆک زانکۆیانەش دەکەم کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی ئەم زانکۆیە تەرخان کرد، بەتایبەتیش سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی (خوالێخۆشبوو د. کەمال خەیات و د. جەلال شەفییق و خوالێخۆشبوو د. کەمال خۆشناو و د. عەلی سەعید و د. سەڵاحەدین سەعید) و هەموو ئەو کارمەندو فەرمانبەر و مامۆستایانە دەکەم، و درود و سڵاویان بۆ دەنێرم، ئەوان بونە هۆی ئەوەی زانکۆی سلێمانی بگاتە ئەو ئاستەی ئێستاو پێشکەوتن بەدەستبهێنن. ئومێدەوارم ئێوەش درێژە پێدەری ئەو کارو پرۆژە باشانە بن و پەرەی زیاتری پێبدەین، چونکە زانکۆی سلێمانی ئەمانەتێکە لەگەردەنی هەمولایەکماندایە.
 
لە ڕیزبەندی جیهانیدا زانکۆی سلێمانی لە ٤ هەزارەوە بگەیەنین بە ڕیزبەندی ژێر ٢ هەزار
د. ئارام محمد وتیشی: زانکۆی سلێمانی جگە لەوەی شانازی بە میژوویەکی پڕ شکۆ و دەستکەوتی زانستی مەزن دەکات، لە هەمانکاتدا خاوەنی کامپێکی مۆدێرن و ناوازەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆیە بەهیمەتی ئێوەو مامۆستیانی زانکۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ڕیزبەندی جیهانیدا پێگەی بەرچاوتان هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا خۆشحاڵبووم کە هەفتەی ڕابردوو بینیم لە ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم یەکەمەو لە سەر ئاستی جیهانیش بەرەو ڕیزبەندی (٤٠٠٠) هەنگاوی ناوە. هەروەها لە گوگڵ سکۆڵەر سایتەیشن بەهەمان شێوە لەسەر ئاستی هەرێم لەپلەی یەکەمدایە، ئەمەش مانای وایە زانکۆکانی ئێمەش توانایان هەیە بچنە سەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهانی و بەشداری رەسەن بکەن لە بەرهەمهێنانی توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز، بۆیەش وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کرد لێژنەیەک پێکبهێنن بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن ئاستی زانکۆی سلێمانی لە ڕیزبەندی ٤ هەزارەوە بگەیەنن بە ڕیزبەندی ژێر ٢ هەزارەوە، بۆ ئەم مەبەستە وتی: ئێمە لە وەزارەت هاوکارتان دەبین.
 
لە چوار ساڵی ئایندە کار بۆ پەرەپێدانی کوالێتی و بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی دەکەین
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کرد هاوکاربن بۆ ئامادەکردنی پلانی چوار ساڵی ستراتیژی سێکتەری خوێندنی باڵا، بۆ ئەوەی بەلەبەر چاوگرتنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و توانای مادی و مرۆیی، بتوانین ئەم پرۆژانە پەرەی زیاتریان پێبدەین. بەتایبەتیش دەمانەوێت لەم چوار ساڵەی ئایندە کاری زیاتر بکەین، لە بوارەکانی پەرەپێدانی کواڵیتی خوێندن و بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی.
د. ئارام محمد ڕاشیگەیاند: داوامان لە زانکۆ و کۆمەڵگای ئەکادیمی کوردستان کردووە کە بە بیر و بۆچوون و تێڕوانینەکانیان پلانەکان دەوڵەمەندتر بکەن، بۆیە داواکارین لەئەنجومەنی زانکۆ پلانی چوارساڵی ئایندەتان دابڕێژن بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بە پلانی ستراتیژی چوار ساڵی وەزارەتەکەمان.
 
لە خوێندنی تایبەتدا نابێت لایەنی بازرگانی بەسەر کواڵێتی زاڵ بێت
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە کارنامەی چوار ساڵی کارکردنی وەزارەت دەمانەوێت پێداچونەوە بە کوالێتی خوێندن و ئاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بکەین و ئاستیان بەرەو پێش ببەین، بەشێوەیەک لەگەڵ پێوەرە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بگونجێت و نابیت لایەنی بازرگانی بەهیچ شێوەیەک  بەسەر کوالێتی خوێندن و ستانداردەکانی خوێندن زاڵ بکریت.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و سەرجەم ڕاگرەکانی زانکۆی سلێمانی، پێشنیاز و بۆچونی خۆیان لەبارەی کاروبارەکانی پەیوەست بە زانکۆ و پلانی چوار ساڵی کاکردنیان خستەڕوو.
 





 2019-08-04
 728