لە زانكۆی سلێمانی پانێڵێك بە ناونیشانی رەهەندەكانی خۆكوژی و هۆشیاركردنەوەی تاك بەڕێوەچوو



لە زانكۆی سلێمانی پانێڵێك بە ناونیشانی رەهەندەكانی خۆكوژی و هۆشیاركردنەوەی تاك بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ 12-9-2019، بە چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و میوانان، لەلایەن سەنتەری یەكسانی جێندەری زانكۆی سلێمانی لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی زانكۆ كەمپی (نوێ)، لە ژێر دروشمی (كۆڵ مەدە ژیانت بگۆڕە)، پانێڵیك بە ناویشانی(رەهەندەكانی خۆكوژی و هۆشیار كردنەوەی تاك) بەڕێوەچوو.

سەرەتای پانێڵەكەش لەلایەن د. لاسك ئەرسەلان بایز بەڕێوەبەری سەنتەری یەكسانی جێندەری زانكۆی سلێمانی، بەخێرخاتنی میوانەكان كرا، دواتر بە كورتی باسی لە گرنگی بابەتەكە كرد لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، كە  بەهۆی نالەباری بارودۆخی سیاسی و ئابوری و هەندێك كاتیش كلتوری كۆمەڵگە، كاریگەرییان لەسەر تاكی كۆمەڵی كوردی، وایكردووە، حاڵەتی خۆكوشتن لە كۆمەڵگەدا زیاد بكات، كەڕاستە خۆكوشتن لە هەموو كۆمەڵگەو وڵاتانی جیهاندا هەیە، بەڵام لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا لە كۆنەوە بابەتێكی نەخوازراو و نامۆبووە، بۆیە سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتەو تەشەنەسەندنی پێویستی بە هەڵوێستە لەسەر كردنەو پێویستە لە رێگەكانی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و رۆشنبیركردنی تاك و ئاین و راگەیاندنەوە، بەشێوەیەكی باش كار بۆ رێگریكردن لەم حاڵەتانە بكرێت و تاكی كۆمەڵگەی كوردەواری لێ هۆشیار بكرێتەوەو رێگری تەواو بكرێت لەوەی ئەم حاڵەتانەی كە هەن نەبنە دیاردە.

دواتر پانێڵی یەكەم دەستیپێكرد كە لە سێ تەوەر پێكهاتبوو، كە تەوەری یەكەم لەلایەن هەریەك لە د. ناصح فەتاح نەسروڵڵا كە باسی لە ئەحكامەكانی خۆكوژی كرد لە ئاینی ئیسلامدا، هەروەها تەوەری دووەم لەلایەن عەمید سەركەوت عومەر ئەحمەد بەڕێوەبرا كەتایبەت بوو بەخستنەڕووی رێژەو ئامارەكانی خۆكوشتن، كەلەلایەن پۆلیسەوە كار لەسەر دۆسییەكانی كراوە، تەوەری سێیەم لەلایەن دادوەر ناز میرزا عارف بەڕێوەبرا كە باسی لە بڕگەو رێكارە یاساییەكانی پاراستنی مافی تاك كرد.

پاشان پانێڵی دووەم بەڕێوەچوو كە لە سێ تەوەر پێكهاتبوو ئەوانیش تەوەری یەكەم لەسەر كاریگەرییە تەندروستی و كۆمەڵایەتییەكانی دوای  هەوڵدانی خۆكوشتن بوو، هەروەها تەوەری دووەم لەلایەن نوسەرو رۆژنامەنووس ئاشتی عەبدوڵڵا پێشكەشكرا كە تایبەت بوو بە كاریگەری راگەیاندن و سۆشیال میدیا لەسەر تاكی كۆمەڵگا، پاشان تەوەری سێیەك و كۆتایی پانێڵەكە لەلایەن مامۆستا شنە ئیبراهیم بابان پێشكەشكرا كە تایبەت بوو بە هۆشیاركردنەوەی تاك و نیشانە مەترسیدارەكانی هەوڵی خۆكوژی .
 لە كۆتایی پانێڵەكەدا دەرگای پرسیارو وەڵام بۆ ئامادەبووان كرایەوە.
   




 2019-09-12
 999