یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێشبینی ئاو لە ئایندەی عیراق: پشتبەست بە زانیاری رابردوو وە ئێستا بەڕێوەچوو



یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێشبینی ئاو لە ئایندەی عیراق: پشتبەست بە زانیاری رابردوو وە ئێستا بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ 14-9-2019، لە هۆڵی كۆنفرانسی كۆلێجی زانستی زانكۆی سلێمانی و بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و چەندین مامۆستاو توێژەری ناوخۆیی و بیانی، یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پێشبینی ئاو لە ئایندەی عیراق: پشتبەست بە زانیاری رابردوو وەئێستا دەستی بەكارەكانی كرد.

سەرەتای كۆنفرانسەكە بە بەخێرهاتنی میوانەكان و ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستیپێكرد، دواتر وتاری دەستپێكی كۆنفرانس بە هەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، لەلایەن دكتۆر دیاری عەلی ئامادەكاری كۆنفرانس خوێندرایەوە، كە تیایدا بەوردی باسی لە ئامانجی سەرەكی ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە زانستییەكرد، كە لەسەر بابەتی ئاوە، كە یەكێكە لە بابەتە هەرە گرنگەكانی ئەمڕۆی جیهان، كە بەندە بە ژیانی راستەوخۆی رۆژانەی مرۆڤەكانەوە لەسەر زەوی، هەر ئاویشە ئەمڕۆ بۆتە ململانێیەكی گەورەی سیاسی لە نێوان دەوڵەتاندا، چونكە یەكێكە لە سامانە سروشتییە هەرە گرنگ و سەرەكییەكان بۆ مرۆڤ لە هەرشوێنێكی ئەم جیهانەدا بیگری، هەروەها وتی: ئامانج لەم كۆنفرانسە دروستكردنی هەماهەنگییە لە نێوان پسپۆڕان و شارەزایانی حكومەت و زانكۆكان لە بواری ئاسایشی ئاو پێشبینی داهاتووی ئاو لە عیراق بە گرتنەبەری نەخشەڕێگایەك كە تیایدا بتوانرێت، توێژینەوەی زانستی ببەسترێتەوە بە باشتركردنی رەوشی سیاسەتی ئاوی هەموو ناوچەكانی عیراق، بۆ ئەوەی بتوانریێت برەو بە داهاتوو بەكارهێنانی ئاوی عیراق بدرێت، لە هەمووشی گرنگتر بتوانێت بڕیار بە دەستەكان بهێنێتە سەر خەت لەپێناو باشتركردنی ئاودێری و بەكارهێنانی ئاو لە ناوچە نیشتەجییەكان و بواری ئابوری و وزە.
پاشان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەو بۆنەیەوە وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: وەك لەلای هەموومان ئاشكرایە، ئاو یەكێكە لە سەرچاوە سروشتییە گرنگەكانی سەر زەوی و بەندە بەژیانی تاك بەتاكی هەموو مرۆڤێكەوە لەم جیهانەدا، بەندە بە ئاسایشی خۆراكیشەوە، بۆیە لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانكاری لە كەش و هەواو كەمی باران و زیاد لە پێویست بەكارهێنانی ئاو بوون بە بیابان و كەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەكان لە جیهانداو كەمبوونەوەی ئاوی پاك بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ كێشەیەكی گەورەی جیهانییەو هەنگاوی گەورەی بەرو ململانێ سیاسییەكانی نێوان دەڵەتان ناوە، بۆیە پێویست هەڵوێستەی لەسەر بكرێت و ئەم بابەتە لەرووی زانسییەوە كاری جددی لەسەر بكرێت، تاكو بتوانرێت لەرێگەی پێشنیارو رێگە زانستییەكان نەخشە ڕێگای زانستی بۆ بابەتی ئاو دابڕێژرێت كە لەمڕۆدا بۆتە كێشەیەك لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا.
وتیشی: زانكۆی سلێمانیش وەك ناوەندێكی زانستی و مەعریفی  لە هەرێمی كوردستان، پێویستە رۆڵی گرنگ و كاریگەر بگێڕێت لەو بوارەداو لەرێگەی ئەم جۆرە كۆنفرانسانەوە بەشێوەیەكی زانستی كارلەسەر كۆكردنەوەی زانیارییەكان و بیربۆچوونە جۆربەجۆرەكان بكات تاكو بتوانێت نەخشتە رێگای زانستی دابڕێژێت و ئامادەبكات و پێشكەش  بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری حكومەتی بكات، تاكو كاری جددی لەسەر بكەن و سود لە توێژینەوەو بیروبۆچوونەكان وەربگیرێت، تا لە ئایندەدا لەو رێگەوە پڕۆژەی زۆر گرنگ و ستراتیجی لەبواری ئاودا بنیات بنرێت.
پاشان پرۆفیسۆر سەڵاحەدین سەعید سەرۆكی زانكۆی كۆمار وتەیەكی لەو بارەیەوە پێشكەشكرد، كە تیایدا بەوردی باسی لە گرنگی بەستنی ئەم جۆرە كۆنفرانسانەكرد لە پێناو داڕشتنی نەخشەو رێگا چارەی گونجاو زانستییانە بۆ پاراستنی سامانی ئاو لە وڵاتەكەماندا .
لەم كۆنفرانسەدا پسپۆڕانی بەریتانی و عیراقی بە یەكدەگەیەنرێن، كە چەندین تویژینەوەی زانستی تێدا پێشكەشدەكرێت، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە ئاوی و ژینگەییەكان، دەرهاویشتەی ئەم كۆنفرانسەش پێشكەش بە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدا دەكرێت بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بۆ گرفتەكان ئەم كۆنفرانسە ماوەی دووڕۆژ لەناو زانكۆی سلێمانی بەردەوام دەبێت و تێیدا توێژەران و پسپۆڕان چەندین توێژینەوەی گرنگ لەبواری ئاو ژینگە پێشكەش دەكەن، رۆژی سێیەمی كۆنفرانیش بە گەشتێكی زانستی بۆ بەنداوی دوكان كۆتایی بە كارەكانی كۆنفرانسەكە دەهێنرێت،ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە زانكۆی سلێمانی بە هاوبەشی هەردوو زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنەلۆجیاو كۆلێجی بەریتانی رێكیخستووە. 
        




 2019-09-14
 1101