دووەمین كۆنفرانسی پڕۆژەی تایگرس دەستی بەكارەكانی كرد



دووەمین كۆنفرانسی پڕۆژەی تایگرس دەستی بەكارەكانی كرد

 [email protected]

ئەمڕۆ 6-10-2019، دووەمین كۆنفرانسی پڕۆژەی تایگرس بەناونیشانی (بەرەو بنیادنانی ستراتیجی نێودەوڵەتی بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان-عیراق)، بەئامادەبوونی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و هەریەك لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د. ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و د. ئالان فەرەیدوون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. سەڵاح ساڵح سەرۆكی زانكۆی چەرموو و وەفدی پێنج زانكۆی ئەوروپی و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حكومی و پسپۆڕانی بواری خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی، لە سلێمانی دەستیپێكرد.

 
لە دەستپێكی كۆنفرانسەكەدا سەرەتا پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی لە وتارێكدا  بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو وردەكاریی و گرنگیی پڕۆژەی تایگرس-ی روونكردەوە.
 
هەروەها د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتارێكدا گرنگی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانی روونكردەوەو پشتیوانی  وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ پڕۆژەی تایگرس دووپاتكردەوە و وتیشی: بە دڵنیاییەوە راسپاردە و پێشنیازەكانی كۆنفرانسەكە بە هەند وەردەگرین.
 
دواتر د.ئووڤە موس بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی گوتنگن لە ئەڵمانیا وتارێكی پێشكەشكرد.
ئامانجی پڕۆژەی تایگرس
زانكۆی (گوتنگن) لە ئەڵمانیا كە زانكۆیەكی بەناوبانگی جیهانییە، لەگەڵ زانكۆكانی (خرۆنینگن لە هۆڵەندا، لیوڤن لە بەلجیكا، مەساریك لە چیك، پەیمانگەی گلۆبەڵ ئیمپاكت لە چیك)، پڕۆژەیەكی ئەوروپی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم و (9) دام و دەزگای سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵادا، بەناونیشانی پڕۆژەی تایگرس لەمانگی 11ی 2017-ەوە خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
مەبەستی سەرەكی پڕۆژەكە كە بەبڕی زیاتر لە یەك ملیۆن یۆرۆ لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاوە فەند دەكرێت و ماوەی (3) ساڵ دەخایەنێت، بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش تائێستا چەندین ۆركشۆپ و سیمینار و سیمپۆزیۆم رێكخراوە و رێكدەخرێت.
 
ئەم پڕۆژەیە پێی دەوترێت پڕۆژەی كلیل كە لەمیانی ئەم پڕۆژەیەدا زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زانكۆكانی ئەوروپادا دەتوانن پڕۆژەی دیكە لە یەكێتی ئەوروپا پێشكەش بكەن.
 
 




 2019-10-06
 614