لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆنفرانسی هاوبەشی هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پرۆتستانت بۆ زانستە كردارییەكان راگەیەنرا



لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆنفرانسی هاوبەشی هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پرۆتستانت بۆ زانستە كردارییەكان راگەیەنرا

 [email protected]

ئەمڕۆ 13-10-2019، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی هەریەك لە د. ئامانج حەسەن رێكخەری پرۆگرامی كۆنفرانس و د. كارزان غەفور بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەكادیمییە نێودەوڵەتییەكان و راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی  و د. كارین ملۆدۆخ لە رێكخراوی هاوكاری ئەڵمانی و پرۆفیسۆر د. چنور قادری بەڕێوەبەری پرۆژە لە زانكۆی ئەپلاید ساینس لە ئەڵمانیا، كۆنفرانسی هاوبەشی هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پرۆتستانت بۆ زانستە كردارییەكان، لە بۆخم/ ئەڵمانیا، راگەیەنرا .
 
سەرەتا د. كارزان غەفور بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەكادیمییە نێودەوڵەتییەكان و راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی، باسی لە پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی نێوان زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پرۆتستانت بۆ زانستە كردارییەكان، لە بۆخم/ ئەڵمانیا كرد، كە لەماوەی رابردودا چەندین یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بواری گۆڕینەوەی زانیاری و ئاڵوگۆڕی مامۆستاو ستاف لەنێوان هەردوو زانكۆدا ئەنجامدراوە كە كاریگەری زۆرباشی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی لە زانكۆی سلێمانی هەروەها بەستنی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوو زانكۆ و وەرگرتنی ئەزموون لە زانكۆی ناوبراو.

دواتر پرۆفیسۆر د. چنور قادری رێكخەری پرۆگرامی كۆنفرانس و بەڕێوەبەری پرۆژە لە زانكۆی ئەپلاید ساینس لە ئەڵمانیا رایگەیاند: ئێمە وەك زانكۆ زانستە كردارییەكانی شاری بوخۆم لە ئەڵمانیا، لە 2016 ەوە لەگەڵ زانكۆی سلێمانی پەیوەندییەكانی زانستی و ئەكادیمی پتەومان لەگەڵ زانكۆی سلێمانی هەیەو هاوكاری یەكتر دەكەین، وتیشی: یەكێكیش لە هاوكارییەكانی نێوان ئەم دوو زانكۆیە بیرۆكەی ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەیە، بۆیەش ئەوەی تێبینیمان كرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە عیراق و كوردستان  بە تایبەت ئەو كێشانەیە كە بەهۆی جەنگ یان دوای جەنگ لە كۆمەڵگادا سەرهەڵدەدەن وەكو راگواستن و توندوتیژی و توندڕەوی كە زۆر كێشەی واهەن كە ئەتوانین بڵێین كە ئەم كێشانە تەنها لە عیراق یان كوردستان بونیان نییە، بەڵكو لە زۆربەی دونیا ئەو كێشەیە هەیە، چارەسەكردنیشی پێویستی بە هاوكاری هەموولایەكە ئەویش لەرێكەی زانستییەوە، هەروەها وتیشی: لەماوەی چوارساڵی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ زانكۆی سلێمانی چەندین مامۆستا و ستافی ئەكادیمی لەنێوان هەردوو زانكۆ پەیوەندییان بە یەكەوە هەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش كۆنفرانسێكی بچوكمان لە ئەڵمانیا سازكردووە.
 
 ئاماژەی بەوەشدا، بە بەنیازن بۆ هەمان مەبەست كۆنفرانسێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوو زانكۆ لە رۆژانی 21 و 22 ی 2019 لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامبدەن، وتیشی: یەكێكی تر لە بابەتە هەرە گرنگەكانی كۆنفرانسەكە توندوتیژی جێندەرییە، كە چۆن بتوانین لە رێگەی كۆكردنەوەی ئەزموونە جیاوازەكان و زانیاری نوێ رووبەڕوویان ببینەوە، كە بەتایبەت لە ناو كۆمەڵگەی عیراق و كوردەواری پێویستی بە كاركردنە تێیدا.  

دواتر د. ئامانج حەسەن رێكخەری پرۆگرامی كۆنفرانس، ئامانجی كۆنفرانسەكەی ئاشكراكردو رایگەیاند: ئامانج لەم كۆنفرانسە خستنەڕووی پێگەو رۆڵی كاری كۆمەڵایەتییە لە كەمكردنەوەی كاریگەرییە نەخوازراوەكانی جەنگ، هەروەها پەرەپێدانی كاری كۆمەڵایەتی و گۆڕینەوەی ئەزموونەكان لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاواداو خستنەڕووی كاری كۆمەڵایەتی لە كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی جێندەریدا.
 
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجێكی تری كۆنفرانسەكە، خستنەڕووی چۆنێتی پرۆسەی بونیادنانی ئاشتی لە كۆمەڵگەی دوای ململانێدا، وتیشی: سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسە هاوبەشەكە تەواوكراوە، بڕیارە 20 توێژینەوە تێدا پێشكەشبكرێت كە لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆكراو لەناو چەندین توێژینەوەی وەرگیراو پەسەندكراوە بۆ بەشداربون لە كۆنفرانسەكەدا. 
بڕیارە هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پرۆتستانت بۆ زانستە كردارییەكان لە بۆخم/ ئەڵمانیا، لە  رۆژانی 21 و 22-10-2019، كۆنفرانسێكی هاوبەش لە ژێرناوی (كاری كۆمەڵایەتی لە ناوچە پڕململانێ سیاسییەكانی پاش جەنگ)، ئەنجامبدەن.
 




 2019-10-13
 894