لە كۆلێجی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی سیمپۆزیۆمێك لەسەر خۆپیشاندانەكانی ئێستای عیراق / هۆكارو چارەسەر/ ئاكامە دەستورییەكان بەڕێوەچوو



لە كۆلێجی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی سیمپۆزیۆمێك لەسەر خۆپیشاندانەكانی ئێستای عیراق / هۆكارو چارەسەر/ ئاكامە دەستورییەكان بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ 4-11-2019، لیژنەی زانستی كۆلێجی زانستە رامیارییەكانی زانكۆی سلێمانی لە درێژەی  چالاكییە بەردەوامەكانیدا، سیمپۆزیۆمێك-ی لە ژێر ناونیشانی (خۆپیشاندانەكانی ئێستای عیراق / هۆكارو چارەسەر/ ئاكامە دەستورییەكان)، لە هۆڵی سیمینارەكانی كۆلێجی زانستە رامیارییەكان، سازكرد.

لەسەرەتای سیمپۆزیۆمێكەدا د. تارا عومەر محەمەد، بابەتەكەی لەسەر هۆكارەكانی ئێستای عیراق، پێشەشكرد، كە تێیدا بەوردی باسی لە هۆكارە سەرەكی و لاوەكییەكانی سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی شارەكانی عیراقی كرد، كە چەندین هۆكارن لەوانە هۆكاری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی، كە بەشێوەیەكی زۆر لەدوای رووخانی رژێمی فاشیستی بەعس، لە عیراق بەشێوەیەكی بەرچاو سەریان هەڵداو بەهۆی چارەسەرنەكردنی و كەڵەكە بوونیان و بەردەوامی ململانێ سیاسی و تائیفییەكان لە وڵاتدا هۆكار گەلێكن بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان.
دواتر لەلایەن د. عابد خالید رەسوڵ باس لە خۆپیشاندانەكانی ئێستای عیراق و ئاكامە دەستورییەكان كرا، كە تێیدا بە وردی باسی لە داواكاری خۆپیشاندەران كرد كە داواكاری چاكسازی و گۆڕینی حكومەت و پەرلەمان بوو، بەڵام ئەوەی كە تێبینی دەكرێت لەلایەن بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عیراق كار بۆ ئەوە دەكرێت، هەمواركردنەوەی دەستور بكرێتە داواكارییەكی خۆپیشاندەران، كە ئەمە پێشتر بیانووی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان بووە، لە ئێستا بۆ قۆستنەوەی هەلبێت یان سەپاندنی خواست، جێگەی تێڕامان و گرنگی پێدانەو پێویستە هەڵوێستەی وردی لەسەر بكرێت.
پاشان د. رەشید عمارە یاس  بابەتێكی لەسەر چارەسەرە فراژوبووەكانی خۆپیشاندانەكانی ئێستای عیراق پێشكەش كرد، كە بەوری باسی لەو چارەسەرە كاتییانە كرد كە سیاسی و لایەنە سیاسییەكان، دەیانەوێت  بۆ كەمكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان یان بۆ راكێشانی مەیلی خەڵك بە گشتی بۆ لای خۆیان كاری بۆ بكەن.  
 لەكۆتاییدا دەرگای گفتوگۆو راگۆڕینەوە بۆ سەرجەم ئامادەبوانی سیمپۆزیۆمێكە كرایەوە و تێیدا راو سەرنج و تێبیییەكانیان لەسەر كۆی بابەتەكە باسكردو گفتوگۆی تەواویان لەو بارەیەوە كرد.




 2019-11-04
 362