كۆلێژی پزیشكی مەراسیمی پێشوازیكردنی بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەكەم ڕێكخست



كۆلێژی پزیشكی مەراسیمی پێشوازیكردنی بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەكەم ڕێكخست

 kosar othman([email protected])

 كۆلێجی پزیشكی زانكۆی سلێمانی مەراسیمێكی پێشوازیكردنی بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی كۆلێجەكەیان ڕێكخستبوو،كە تێیدا چەندین چالاكی و وتار و رێزلێنانی تێدا پێشكەشكرا.

لەو مەراسیمەدا كە ڕۆژی 11/21 ڕێكخرابوو هەریەك لەسەرۆكی زانكۆی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و ڕاگری كۆلێژی پزیشكی ومامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی ئامادەیبوون،لەسەرەتادا دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد،پاشان دكتۆر كۆسار محمد علی ڕاگری كۆلێژی پزیشكی وتارێكی پێشكەشكرد ،كەتێیدا باسی لەوەكرد كە هاتنی ئەو خوێندكارانە بۆ كۆلێژی پزیشیكی ئامانجێكی درێژخایەنی خۆیان و خێزان و كەس و كاریان بووە دوای ماندوبونێكی زۆری خۆتان و خێزانەكانتان،ئێستە ئێمە پێكەوە لێرەین بۆ مەراسیمی پێشوازیكردن و بەخێرهاتنتان بۆ خوێندنی پزیشكی.

هەر لە وتەكەیدا ڕاگری كۆلێژی پزیشكی وتی ،خوێندكارانی زێدە ئازیز.. ئەمڕۆ قۆناغێكی نوێ لە ژیانتان دەستی پێكرد ئەویش قۆناغی خوێندنی پزیشكییە، ئەم قۆناغە بۆ ئامادەكردنی ئێوەیە بۆ ئەركێكی گرنگ و پێویست لە داهاتوودا كە ئەویش قۆناغی كاركردنە وەك پزیشك بۆ خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی.. وەك ئاشكراشە ئەم قۆناغە ئێجگار هەستیارو گرنگە لە رەنگرێژكردنی داهاتووتان.. بۆیە هەوڵبدەن سات بەسات سود لەم كاتانە ببینن و خۆتان بپارێزن لە هۆكارەكانی بەفیرۆدانی، چونكە ئێوە تەنها خاوەنی ئەم ساتەوەختەن كە تێیدا دەژین و رابوردوو رۆشت و داهاتووش لە دەستی ئێمە نییە.. ئیتر لە ئێستەوە پێویستە فێرببن زو ئاشناببن بە بنەماكانی فێربوونی سەركەوتووانە بۆ ئێستەو داهاتووتان، چونكە كاركردن لە بواری پزیشكی پێویستی بە فێربوون و خۆ نوێكردنەوەی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی جێ نەمێنێت لە گۆڕانكارییە خێراو بەردەوامەكانی بواری پزیشكی.

وتیشی ئێمە لەكۆلێژی پزیشكی و بەیارمەتی بەردەوامی سەرۆكایەتی زانكۆ لەهەوڵی بەردەوامدابووین بۆ ئەوەی بتوانین باشترین شێوازی نوێی خوێندنی پزیشكی فەراهەم بهێنین بەجۆرێك دەرچوانمان بتوانن وەڵامدەرەوەی كۆمەڵگە بن هەر لێرەشەوە پێمخۆشە مژدەی ئەوەتان پێبدەم كە بەسوپاسەوە سەرۆكایەتی زانكۆ بڕیاریداوە كار بەسیستمی بۆلۆنیا بكات ،كەدەرچوانی ئێمە بەم سیستمە بەبێ گرفت دەتوانن درێژە بەخوێندنی پزیشكی بدەن لەدەرەوەی وڵات ئەوەش هەلێكی ناوازەیە بۆ ئێوە.

هەر لەو مەراسیمەدا ئەو كەس و لایەنانە خەڵاتكران كە هاوكاری كۆلێژی پزیشكییان كردووە كە لەنێویاندا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی بوون، دواتریش لەلایەن ڕاگرایەتی كۆلێجەوە خەڵات بەسەر خوێندكارە یەكەمەكانی هەر شەش قۆناغەكەی كۆلێژی پزیشكی پێشكەشكرا پاشانیش لەلایەن خوێندكارانی پزیشكییەوە خەڵات بەسەر چەند كەس و لایەنێك پێشكەشكرا و وتاری نوێنەری خوێندكاران وچەند كەس و لایەنێك لەو مەراسیمەدا خوێندرایەوە .

لەكۆتایی مەراسیمەكەشدا چەندین چالاكی هونەری لەلایەن گروپی هونەری كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانییەوە پێشكەشكرا.

 

 





 2019-11-21
 746