بۆ ئەمساڵیش لە ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمدا زانكۆی سلێمانی پێشەنگە



بۆ ئەمساڵیش لە ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمدا زانكۆی سلێمانی پێشەنگە

 [email protected]

ئەمڕۆ 9-1-2020، لە رێورەسمێكدا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و  سەرجەم سەرۆك زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان راگەیەنرا، كە بۆ ئەمساڵیش زانكۆی سلێمانی پێشەنگە.

د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ریزبەندی زانكۆكانی هەرێمی بۆ ساڵی 2019 راگەیاندو ئاماژەی بەوەدا، كە ئەمڕۆ بۆ سێكتەری خوێندنی باڵا رۆژێكی مێژوویی و گرنگە، راشیگەیاند: ریزبەندی نیشتمانی رێكخستنی پێشبڕكێیە لەنێوان زانكۆكانی كوردستان لەسەر بنەمای پێوەری زانستی ئەویش بەپێی بنەمای نێودەوڵەتی لەسەر چەند ئاستێك.
وتیشی: زانكۆكانی هەرێم لەڕووی توێژینەوەو بەرەوپێشچونی ئاستی زانستیەوە بە بەراورد بەساڵانی رابردوو هەنگاوی گەورەیان ناوە، بەشێوەیەك بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكان لەساڵی 2019دا بەراورد بە ساڵانی پێشوو زۆر زیادیكردوە، لەساڵی 2015دا سەرجەم زانكۆكانی كوردستان 213 فاكتەری كاریگەریان بەدەستهێنابوو ئەویش بە بڵاوكردنەوەی تەنها 79 توێژینەوەی زانستی لەگۆڤارە زانستیە جیهانییە بەناوبانگەكان، بەڵام لەساڵی 2019دا ژمارەی فاكتەرە كاریگەرەكان گەیشتوەتە سێ هەزارو 346 و ژمارەی توێژینەوەی بڵاوكراوەش گەیشتوەتە هەزارو 424 ئەمەش مانای وایە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكان لەگۆڤارە ئاست بەرزەكان 820% زیادیكردوە
پاشان د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەنجامی ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێمی راگەیاندو وتی: سەرەتا ئەو زانكۆیانەی كە دەكەونە گروپی (B) یەوە لە ناو گروپی (B)دا بەشێوەی راندەم رێكخراون نەك بەشێوەی حروفی ئەبجەدی یان بەشێوازی تر ، "بۆیە دەبێت ئەوە بزانین ئەو ناوەی كە یەكەمجار لە گروپەكە دەخوێنرێتەوە مەرج نییە ئەوە ناوی ئەو زانكۆیە بێت كە لەناو ئەو گروپەدا یەكەم بێت، بۆیە پێویستە تێگەیشتنی تەواو هەبێت لەو بارەیەوە.
 هەروەها وتی: گروپی  (B)، زانكۆی سەڵاحەدین و زانكۆی سۆران و زانكۆی سلێمانی و زانكۆی كوردستان –هەولێر و زانكۆ دهۆك و زانكۆ كۆیە و زانكۆ هەولێری پزیشكی .
وتیشی: ئەو زانكۆیانەی كە دەكەونە گوپی (C) زانكۆی پۆڵیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆ چەرموو و زانكۆی پۆڵیتەكنیكی هەولێر و زانكۆی ڕاپەڕین و زانكۆی پۆڵیتەكنیكی دهۆك  و زانكۆی گەرمیان و زانكۆی زاخۆ.
 راشیگەیاند: ئەو زانكۆیانەی كە دەكەونە گروپی (D)  تەنها بریتییە لە زانكۆی هەڵەبجە، لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  وتی:  هیواداین بۆ ساڵی داهاتوو هەموو زانكۆكانمان بەشێوەیەكی باشتر گەشە بكەن و لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و جیهانیش پێشكەوتنی بەچاو بەدەستبهێنن.
 




 2020-01-09
 2933