سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لەوەفدێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كرد



سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لەوەفدێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كرد

 [email protected]

ئەمڕۆ 16-1-2020، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پێشوازی لە وەفدێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێبوونی حكومەتی هەرێم كرد بە سەرۆكایەتی د. ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی هەرێم.

لەو دیدارەدا هەردوولا بە وردی باسیان لە پڕۆژەكانی سیتی لاپی زانكۆی سلێمانی كرد، كە توانیوێتی لەماوەی كاركردنیدا چەندین پڕۆژەی گرنگ و بەسود لە بواری ئەندازیاری پێشكەشبكات كە بەشێكی زۆریان چارەسەربوون بۆ زۆر كێشەی ئەندازیاری لە شاری سلێمانیدا.
 پاشان سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بە وەفدی میوانی راگەیاند: وەك زانكۆی سلێمانی و كەناوەندێكی مەعریفی و زانستییە، دەیانەوێت لە رێگەی بیرۆكەو پڕۆژەكانیانەوە خزمەت بە بواری ئاوەدانكردنەوەو سەرجەم  كەرتەكانی تر بكەن و نایانەوێت زانكۆ تەنها وەك دەزگایەكی زانستی تەنها كاری ئامادەكردنی كادیری زانستی بێت و بڕوانامە ببەخشێت، بەڵكو دەیانەوێت كاری جددی بكەن بۆ ئەوەی بە بیرۆكەو پڕۆژەكانیان خزمەت بە سەرجەم كەرتەكانی تر بكەن.
 سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند: پڕۆژەی سیتی لاپ كە زانكۆی سلێمانی دروستیكردووەو كاری لەسەر دەكات یەكێكە لەو نموونە زیندووانەی كە لەماوەی رابردوودا زانكۆی سلێمانی كاری لەسەر كردووەو بە نیازیشن پڕۆژەكە فراوانتر بكەن تاكو نەك بەتەنها بواری ئەندازیاری، بەڵكو بوارەكانی تری وەك زانستی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و یاسایی.. هتد بگرێتەوە، كە بتوانرێت پڕۆژەی زۆر گرنگ پێشكەش بكرێت تا بتوانرێت لە رێگەیەوە خزمەتی زۆر گەورە بە سەرجەم كەرتە جیاوازەكانی وڵاتەكەمان بكەین، هەر لەو رێگەیەشەوە توانا شاراوەكان دەركەون و بیرۆكە جوانەكان بخرێنە بواری پڕاكتیكییەوە، هەمان كات رۆحی پێكەوە كاركردن و كاری خۆبەخشی فراوانتر بكرێت، تەئكیدیشیكردەوە كە بۆ ئەو مەبەستە وەك زانكۆی سلێمانی بیرۆكەی زۆر باش و پێشكەوتوویان هەیە.
دواتر ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم دەستخۆشی لە سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و سەرجەم ئەو ستافانە كرد كە بە گیانی لە خۆبردوویی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی ماددی و بەخۆبەخشی  توانیویانە لە رێگەی بیرۆكەو پڕۆژەكانیانەوە خزمەتی باش بەشاری سلێمانی بكەن.
 شایەنی باسە هەرلەو دیدارەدا هەریەك لە د. سیروان حەمە خورشید ڕاگری كۆلێجی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی و عالیە تۆفیق بەڕێوەبەری تاقیگەی بیناسازی سلێمانی و ئەندازیار رێبوار محەمەد ڕەسوڵ و ئەندازیار ئاسۆ عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی سەربە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێبوونی هەرێم ئامادەبوون.   
 




 2020-01-16
 975