سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە مامۆستای گەورەی گەلەكەمان مەزهەری خالقی كرد



سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە مامۆستای گەورەی گەلەكەمان مەزهەری خالقی كرد

 [email protected]

ئەمڕۆ 24-8-2020، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و  پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. رێبوار سەعید راگری كۆلیجی هونەرە جوانەكان  پێشوازیان لە مامۆستا مەزهەری خالقی سەرۆكی ئنستیتیوتی كەلەپووری كورد كرد.

لە دیدارێكدا تاوتوێی پرۆژەی هاوبەش و هاوكاریكردنی زانكۆی سلێمانی بۆ داوەتكردنی هونەرمەندانی مەقام بێژی بەئەزموون لە ناوەوەو پارچەكانی تری كوردستان بۆ كردنەوەی خولی مەقامی كوردی بۆ گۆرانیبێژان و خوێندكارانی میوزیك لەگەڵ سیمینارو كردنەوەی خولی هونەری بۆ زیندوكردنەوەی ئەو ئامێرە میوزیكیە كلتوریانەی كە زانستی دروستكردنیان وردەوردە بەرەو لەبیر چونەوە دەچن. 
هەروەها مامۆستا خالقی باسی لەوە كرد كە سەرقاڵی بە دیجتاڵكردنی هەزاران میلۆدی كوردین لەگەڵ وێنەو ئەو ئەرشیفە زۆرەی كە لەماوەی چەندین ساڵە لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان كۆیانكردووەتەوە كە ئەمانە هەمووی دەبێتە سەرمایەیەكی گەورەی نەتەوایەتی و زانكۆ دەتوانێت ئەو سەرمایەیە نەتەوایەتییە بكاتە كەرەستەیەكی ئۆرجناڵی توێژینەوەی ئەكادیمی .
پاشان  سەرۆكی زانكۆ جەختی لە هاوكاری جددی زانكۆی سلێمانی كردەوە بۆ بەرەوپێشچون و گەشەكردنی ئەم پێگە گرنگە كە سەرمایەیەكی گەورەی نەتەوایەتییە.
لەكۆتایدا مامۆستا خاڵقی سوپاسی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كرد، كە هەمیشە زانكۆی سلێمانی پاڵپشت و خەمخۆری ئنستیتیوتی كەلەپووری كورد بووە نەك بەگفتار بەڵكو بەكردەوەش،كە ئەمەش هەمیشە جێگای پێزانینە.
 




 2020-08-24
 3047