لە زانكۆی سلێمانی رێورەسمی چلەی ماتەمینی د. محەمەد كەساس بەڕێوەچوو



لە زانكۆی سلێمانی رێورەسمی چلەی ماتەمینی د. محەمەد كەساس بەڕێوەچوو

 [email protected]

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 28-9-2020، بە ئامادەبوونی  هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و نوێنەری تایبەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەرپرسان لەئیدارەی خۆجێی قەزای چەمچەماڵ و چەندین بەرپرسی حكومی و حزبی و خێزان و كەس و كارو بنەماڵە و هاوڕێ و دۆستانی لە هۆڵی پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە كۆلێجی زمانی زانكۆی سلێمانی، رێورەسمی چلەی ماتەمینی پرۆفیسۆر د. محەمەد كەساس جەباری مامۆستای زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوەسمەكەش بەساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی خوالێخۆشبوو دەستیپێكرد، دواتر لە لایەن ئامادەبووانی رێورەسمەكەوە ژمارەیەك مۆم بۆ رۆحی بەرزە فڕی خواڵخۆشبوو داگیرسێنرا، هەر لە رێورەسمەكەدا وتاری سەرۆكایەتی زانكۆ لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی خوێنرایەوە، كە رایگەیاند: د. محەمەد كەساس بە تەنها لەبواری زانستی و ئەكادیمی خزمەتی میللەتەكەی نەكردووە، بەڵكو هاوشانی ئەوە چەندین ساڵ لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا وەك پێشمەرگەیەكی بە ئەمەك بۆ خاك و نیشتمانەكەی خزمەتی كردووەو لە چەندین نەبەردی پێشمەرگایەتیدا بەشداری كردووە، وتیشی: لە بواری زانستی و ئەكادیمیش د. محەمەد كەساس یەكێك بوو لە مامۆستا دڵسۆزەكانی زانكۆی سلێمانی و هەرلەسەرەتای دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی بە كتێب و سەرچاوەكانی خزمەتی زۆری بە زانكۆی سلێمانی كردووەو وەك مامۆستایەكی كۆلێجی زمانیش سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەرو دكتۆرای كردووەو لە گفتوگۆی چەندین تێزی ماستەرو دكتۆرادا بەشداربووە، وێڕای ئەمانە د. محەمەد كەساس وەك شاعیرو نوسەرو لێكۆڵەری ئەدەبی خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە كە سودێكی زۆری بە كتێبخانەو ئەدەبی كوردی گەیاندووەو لە خزمەتی زانكۆیشدا خوالێخۆشبوو یەكێك بووە لەو كەسە بە ئەمەك و باش و چالاكانەی كە چەندین پۆستی ئیداری لە زانكۆ پێسپێردراوەو بە سەركەوتوویی بەڕێوەی بردون.
 سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند:  كۆچی دوایی د. محەمەد كەساس خەسارەتێكی گەورە بوو لە زانكۆی سلێمانی و بواری ئەدەب و وێژەی كوردی كەوت، لە یەزدانی گەورە داواكارین رۆحی پاكی د. محەمەد كەساس بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادبكات و سەبوری خانەوادەو كەسوكارو هاوڕێیانی بداتەوە.
دواتر لەلایەن ئامانج محەمەد كەساس كوڕی خوالێخۆشبوو وتاری بنەماڵە خوێنرایەوە تیایدا زۆرسوپاسی ئەو كەسانەی كرد كە هەرلە ساتی كۆچی دوایی تا بە خاكسپاردن و پرسەو تا چلەی خوالێخۆشبوو ئەركیان كێشاوەو سەردانیان كردون و هاوخەمی خۆیان بۆ كۆچی دوایی د. محەمەد كەساس دەربڕیوە.
پاشان چەند دێڕە شیعرێكی د. محەمەد كەساس خوێنرایەوەو لەلایەن نوێنەرایەتی تایبەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، تاجە گوڵینەی رێزو وەفا بۆ رۆحی پاكی د. محەمەد كەساس پێشكەش بە خانەوادەی كۆچكردوو كرا، هەروەها وتاری راگرایەتی كۆلێجی زمان بۆ چلەی خواڵێخۆشبو د. محەمەد كەساس خوێنرایەوە .
لە كۆتایی رێورەسمەكەشدا كورتەفیلمێك لەسەر ژیان و كارەكانی پڕۆفیسۆر د. محەمەد كەساس نمایشكرا، كە تێیدا لە زاری هاوڕێ و هاوپیشەكانییەوە باس لەو كارو پڕۆژەو خزمەتانە دەكرا كە خوالێخۆشبوو پێشكەشی زانكۆی سلێمانی و بواری ئەكادیمی و ئەدەب و وێژەی كوردی كردووە.
 




 2020-09-28
 577