وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانكۆی سلێمانی كرد



وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانكۆی سلێمانی كرد

 [email protected]

ئەمڕۆ  27-10-2020، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەفدی یاوەری سەردانی زانكۆی سلێمانیان كردو لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خوێندنی زانكۆكان كرد.
سەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری خوێندنی باڵا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە دوای ئەو هەموو بارە ناهەموارەی كە دروست بووە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەم دەرفەتەی بۆ هەڵكەوتووە، تاكو لە نزیكەوە كۆببێتەوە لەگەڵیانداو تاوتوێی چەند كارێك بكەن.
هەروەها بەرێز وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەكرد لەناو ئەم بارودۆخەی ئێستادا كە رۆژ بەرۆژ كۆرۆنا روو لە زیادبوونە ناچارین كە خوێندنی ئاوێتە پەیڕەو بكەین، وتیشی: ئێمە موجازەفە بە گیانی مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندكارەوە ناكەین، بەڵكو سەیری دۆخەكەو بڕیارەكانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، كە بەرپرسیارێتییەكی هەمەلایەنەیە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەشدا وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەكرد كە كەمپی ناوشاری زانكۆی سلێمانی بكرێتە زانكۆیەكی پزیشكی بۆ زیاتر خزمەتكردنی شاری سلێمانی بۆ ئەو مەبەستەش داوایكرد كە هەموو هاوكاری بن تا ئەم پڕۆژەیە سەربكەوێت، كە بە زەرورەتێكی گرنگی وەسفكردن بۆ مێژووی شاری سلێمانی.
وەزیری خوێندنی باڵا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتی كردەوە كەباس لە فرۆشتنی كەمپی ناوشاری زانكۆ دەكەن، هەروەها  وتی: ئەوكارە لەسەر دەستی من قەت روونادات، چونكە ئەو زانكۆیە دیاری هەڤاڵ مام جەلال بوو بۆ شاری سلێمانی و وەكو رەمزێكی ئەو شارەی لێهاتووە.
هەر لەو سەردانەیدا وەزیری خوێندنی باڵا لە نزیكەوە كەمپی ناوشاری زانكۆی سلێمانی و كۆلێژی پزیشكی ددانی لە زانكۆی سلێمانی بەسەركردەوە، لەگەڵ مامۆستاو خوێندكارای ئەو كۆلێژانە كۆبووەوە، وتیشی: هەر شتێك بەئێمە بكرێت بۆ خزمەتكردنی زانكۆی دایك درێغی ناكەین.




 2020-10-27
 1262