گەنمە نوێیەکەی خۆمان یەكەم بوو



گەنمە نوێیەکەی خۆمان یەكەم بوو

 kosar othman([email protected])

 كۆمكاری عەرەبی لەنێو 27 توێژینەوە لە هەشت وڵاتەوە، خەڵاتی یەكەمی بەخشییە گەنمی "مەعروف" كە بەرهەمی كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانییە
رێكخراوی عەرەبی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵیی، كە سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبییە، خەڵاتی یەكەمی "ئاسایشی خۆراكیی بۆ ساڵی 2018"ی بەخشییە گەنمی "مەعروف"، كە تەرزێكی نوێی گەنمە و لە كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی، بەرهەمهێنراوە.
د. عیماد مەحمود و هاوكارەكانی لە كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان داهێنەری ئەو تەرزە نوێیەی گەنمن، كە پێشتریش لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراقەوە دانی پێدانراوە.
گەنمی مەعروف، خاوەنی دوو تایبەتمەندییە، كە لە تەرزەكانی دیكەی گەنم جیای دەكاتەوە: بەرهەمی زۆرترە و بەرگرییەكی بەهێزیشی دژی نەخۆشییەكان هەیە.
27 توێژینەوە لە هەشت وڵاتی عەرەبییەوە "میسر، عیراق، سوریا، عومان، جەزائیر، سودان، ئوردن و فەلەستین" كاندید بوون بۆ بردنەوەی خەڵاتی "ئاسایشی خۆراكیی بۆ ساڵی 2018" لەبواری زیادكردنی بەرهەمی گەنم.
رێكخراوەكەی سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی پاش هەڵسەنگاندنی سەرجەم توێژینەوە و داهێنانەكان لەلایەن 11 شارەزاوە، خەڵاتی یەكەمی بەخشییە گەنمی "مەعروف". ئەمەیش بەپێی ئەو نوسراوەی كە ئاڕاستەی سەرۆكی زانكۆی سلێمانییان كردووە و تیایدا پیرۆزبایی بەدەستهێنانی خەڵاتی یەكەمیان كردووە.
د. كارزان تۆفیق راگری كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان، سەرباری پیرۆزبایی لە د. عیماد مەحمود و هاوكارەكانی، رایگەیاند "پرۆژەی هاوشێوەی گەنمی مەعروف گرنگیی زۆریان بۆ ئاسایشی خۆراكی هەرێمی كوردستان هەیە، هەربۆیە لەسەرەتای بیرۆكەكەوە پاڵپشتیمان كردوون و هەوڵمانداوە تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەین"





 2020-11-22
 880