لە لایەن زانكۆی سلێمانییەوە ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی ناسێنرا



لە لایەن زانكۆی سلێمانییەوە ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی ناسێنرا

 [email protected]

رۆژی 21-8-2021، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی و وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ودامەزرێنەری ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد بەشدارییان كرد لەمەراسیمی ناساندنی  ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی، كە لەڕێگەی ئەم ناوەندە كەلەپوریيەوە زیاتر هەوڵی زیندوو هێشتنەوەی هونەرو میوزیك و كەلەپوری كوردی دەدرێت.

پڕۆفیسۆر دكتۆر رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەوتەیەكدا وتی: لەمەودوا هەردولا هەماهەنگی یەكتر دەكەن و مامۆستایان و خوێندكاران دەتوانن سود لەئەرشیفی ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد وەربگرن بۆ توێژینەوەو لێكۆڵینەوە زانستییەكان، وتیشی ئێمە وەك زانكۆی سلێمانی لەساڵی 2018 دا دكتۆرای فەخریمان بەخشییە مامۆستا مەزهەری خالقی لەپای ئەو كارە جوانانەییدا، خۆشبەختانە لەوكاتەوە ئێمە لەگەڵیاندا لەگفتوگۆدا بووین بۆ ئەوەی ئەم ناوەندە وەك ناوەندێكی ئەكادیمی لەلایەن زانكۆی سلێمانیەوە بناسرێت، ئەنجوومەنی زانكۆی سلێمانی رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی لەمەودوا ئێمە دەبینە هاوڕێیەكی ئینیستیتیوت لەبەرئەوەی ئەوان گەنجینەیەكیان لەكەلەپورو لەمێژووی زارەكی هەموو پارچەكانی كوردستان ئەرشیف كردووە.

هەروەها مەزهەری خەلقی دامەزرێنەری ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد وتی: لەچەند ساڵی ڕابردودا كاری جدییان كردووە بۆ ئەرشیف كردن و زیندوو هێشتنەوەی هونەرو ئەدەب و كەلەپوری كوردی.

ئینستیتیوتی كەلەپوری كورد لەساڵی 2003 لەسلێمانی دامەزراوە دوولقی سەرەكی لەسلێمانی و دهۆك هەیە.

 





 2021-08-22
 1240