لەیادی 237 ساڵەی دامەزراندنیدا زانکۆی سلێمانی پیرۆزبایی لەشاری شاران دەکات



لەیادی 237 ساڵەی دامەزراندنیدا زانکۆی سلێمانی پیرۆزبایی لەشاری شاران دەکات

 kosar othman([email protected])

دەقی وتاری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە یادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا:
بەهەشتی پاکی زاتی خوا بە ناوبانگە لەبەرجوانی 
کتومت نەخشی کێشاوە لەسەر شێوەی سلێمانی
مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی بەڕێز.
 لەیادی تێپەڕبوونی 237 ساڵ بەسەر دروستبوونی شاری سلێمانی شاری شاران پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاووڵاتییانی ئەو شارە خۆشەویستە دەکەم .
 ئەمڕۆ 237 ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا تێپەڕدەبێت کە لەسەر دەستی بابانییەکان لە ساڵی ۱۷۸٤ی زاینی دروستکراوە، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا سلێمانی هەمیشە هێمای جوانی پێکەوە ژیان و قوربانیدان و رۆشنبیری و ئەدەب و زانست و داهێنان بووە، تا ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە شاری داهێنانی ئەدەب و ڕۆشنبیری دیاریکردووە
 14-11 (237)ساڵ بەسەر دروستبوونی شاری سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت لەهەمان کاتدا هاوکاتە لەگەڵ دووبارە دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانی لەلایەن کۆمەڵێک دڵسۆزو خەمخۆرو رۆشنبیری ئەم شارە کە دوای راپەڕینە مەزنەکەی 1991 لە هەوڵی دووبارە دامەزراندنەوەی زانکۆی سلێمانیدا بوون کە ماوەی 10 ساڵ بوو رژێمی بەعسی فاشیست ئەم رۆڵە نازدارەی لە باوەشی شاری سلێمانی جیاکردبووەوە، لە 14-11-1992 بەهەوڵ و هیمەتی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال و سەرکردایەتی کوردو لیژنەیەک لە زانکۆی سلێمانی کە بەرێزان خوالێخۆشبوو کاک نەوشیروان مستەفاو مامۆستا جەمال عەبدول و خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ و ئەندامانی تری لیژنەی باربوو زانکۆی سلێمانی سەرلەنوێ دەستی بە دەوامکردن کردووە، لەو کاتەوە تائێستا ئاستی زانستی ئەم زانکۆیە رۆژ بەرۆژ روو لە هەڵکشانە، بەهەوڵ و هیمەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆکەمان لە داهاتووش هەر بەو ئاستە بەرزە دەمێنێتەوە. 
لای هەمووتان ئاشکرایە کەمێژووی دروستبوونی ئەم شارە هەر لەسەرەتاوە لەسەر بنچینەیەکی رۆشنبیری و ئەدەبی بنیاتنراوە، ئەم شارە لە ساڵی 1784 لەلایەن عەبدولرەحمان پاشای بابانەوە دامەزراوە، کە بابانەکان لە مێرنشینەکەیاندا لە قەڵاچوالان خاوەنی (6000) هەزار سەرچاوەی ئەدەبی و رۆشنبیری بوون.
لە ساڵی 1820 سلێمانی (5) مزگەوتی هەبووە، کە ئەو مزگەوتانە شوێنی خوێندن و نوسین و فێربوون بوون، مامۆستایانی گەورەی وەک شێخ مارفی نۆدێ و مەلا خالیدی نەقشبەندی و کاک ئەحمەدی شێخ و عومەر قەرەداغی و چەندینی تر لەم شارەدا بوونەتە مامۆستاو نەوەکانیان فێری خوێندەواری کردووە .
لە ریزی شاعیرانیشدا  نالی و سالم و کوردی کە بە سێ کوچکەی شاعیرانی بابان ناودەبرێن هەر لەم شارەدا گەورە بوون و دواتر بوونە قوتابخانە بۆ رۆشنبیرانی دوای خۆیان، مەحوی و زێوەرو عەلی کمال باپیرو شێخ نوری شێخ ساڵح و فائیق بێکەس و پیرەمێردو بەختیار زێوەرو چەندانی تر درێژەپێدەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و ئەدەبییەبوون کە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم شارەوە دەستیپێکرد.
 ئەم شارە بەهیچ شێوەیەک شارێکی تەقلیدی نەبووەو هەمیشە بیری داهێنەرانە لەم شارەوە سەرچاوەی گرتووە، هەربۆیەش دەبینین سلێمانی لە ساڵی 1926  خاوەنی یەکەمین خوێندنگەی کچان بوو، لە ساڵی 1925 یەکەمین شانۆگەر نمایش کراوە، لەسەردەمی حکومەتی شێخ مەحمودی نەمردا چەندین رۆژنامە دەرچوون لەوانە بانگی حەق و ئومێدی ئیستقلال و بانگی کوردستان، پاشان لە ساڵی چلەکان لەسەر دەستی مامۆستا براهیم ئەحمەد و عەلادین سوجادی بۆ ماوەی 10 ساڵ گۆڤاری گەلاوێژ خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەبی کوردی شاری سلێمانی گەیاندووە.
هەروەها لەسەر دەستی پیرەمێردی نەمر رۆژنامەی ژین و ژیان درێژە پێدەری ئەم رێبازە رۆشنبیرییە بوون کە لەسەرەتای دروستبوونی ئەم شارەوە هەبووە .
 بۆیە ناساندنی شاری سلێمانی وەک پایتەختی رۆشنبیری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناساندنی سلێمانی وەک شارێکی داهێنەر لە بواری ئەدەب لەلایەن "یونسکۆ" وە، جێگەی شانازییە بۆ خەڵکی ئەم شارە ..
   
بۆیە لەیادی 237 ساڵەی دامەزراندنی ئەم شارەدا بەناوی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانییەوە پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم هاووڵاتییانی ئەم شارە دەکەین.
 
پڕۆفیسۆر 
د. ڕەزا حەسەن   
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی  
 
 
 
 
 




 2021-11-14
 573