هەردوو لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی زانكۆی سلێمانییان كرد



هەردوو لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی زانكۆی سلێمانییان كرد

 [email protected]

 ئەمڕۆ 29-11-2021، پرۆفیسۆر د. رضا حسن حسین ، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ، پێشوازیان لە ئەندامانی هەردوو لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.
 
هەرلەو دیدارەدا سەرۆكی زانكۆی پۆڵیتەكنیكی سلێمانی و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی پۆڵیتەكنیك ئامادەبوون، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا پرۆفیسۆر د. رضا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی باسی لەو بارودۆخە كرد كە لە چەند رۆژی رابردودا روویدا، كە تێیدا خوێندكارانی زانكۆ بۆ داواكردنی دەرماڵە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، وتیشی: هەرلەسەرەتای داواكارییەكانی خوێندكاران سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و ئەنجومەنی زانكۆ، پشتگیری تەواوی داواكارییە رەواكانی خوێندكاران بوون و پێشتریش بە چەندین نووسراو داواكاری فەرمی، سەرو خۆمان لێ ئاگاداركردووەتەوە، هەمیشەش وتومانە خۆپیشاندان مافێكی رەوای خوێندكارانە، بەڵام بەشێوەیەكی هێمانەو دور لە توندوتیژی.
 
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی راشیگەیاند: هەر بۆ مەبەستی هێوركردنەوەی دۆخەكەو داواكاری كەسوكاری خوێندكاران ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی پشت بەست بەو دەسەڵاتانەی بەپێی یاسا پێی دراوە، ماوەی چەند رۆژێك دەوامی خوێندنی لە زانكۆ راگرتووە. هەردوو لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان، سوپاسی سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییان كرد، بۆ مامەڵەكردنیان لەگەڵ خوێندكاران و رۆڵیان لە هێوركردنەوەی دۆخەكە. پاشان لەلایەن د. پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران ، سەرجەم ئەو داواكارییانە خرانەڕوو، كە چەند ساڵێكە لەلایەن زانكۆی سلێمانی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی دارایی بەرزكراونەتەوە، بەڵام بەهۆی كێشەی داراییەوە، نەتوانراوە پارەی تەواویان بۆ خەرجبكرێت و ئەوەش كۆسپێكی گەورە بووە لەبەردەم زانكۆو چەندین كێشەو كەموكوڕی نەتوانراوە وەك پێویست، چارەسەریان بۆ بكرێت. هەروەها سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ئەنجومەنی زانكۆ ، داوایان لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كرد، كە لە رێگەی پەرلەمانەوە ، فشاربكرێت لە حكومەت بۆ ئەوەی ئەو كێشانە چارەسەربكرێن.
 
لەبەرامبەردا ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، پشتگیری تەواوی پێشنیارو داواكارییەكانی هەردوو زانكۆی سلێمانی و پۆڵیتەكنیكیان كردو بەڵێنیان پێدان كە هەوڵی تەواو بدەن، بۆ ئەوەی فشاربخەنە سەر حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

 





 2021-11-29
 812