كۆنفرانسێكی زانستی نێودەوڵەتی لە ژێرناونیشانی پەیوەندییەگشتییەكان و راگەیاندن لە سایەی پەیوەندیكردنی دیجیتاڵیدا بەڕێوەچوو



كۆنفرانسێكی زانستی نێودەوڵەتی لە ژێرناونیشانی پەیوەندییەگشتییەكان و راگەیاندن لە سایەی پەیوەندیكردنی دیجیتاڵیدا بەڕێوەچوو

 kosar othman([email protected])

 ئەمڕۆ 23-1-2022، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. رضا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و چەندین مامۆستاو كەسانی پسپۆڕو شارەزاو ئەكادیمست و رۆژنامەنووسی هەرێمی كوردستان و عیراق، لە ژێرناونیشانی (پەیوەندییەگشتییەكان و راگەیاندن لە سایەی پەیوەندیكردنی دیجیتاڵیدا)، لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی سلێمانی، (كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەشی نێوان ئەنجومەنی چاككردنی ئاستباشی خوێندنی كۆڵێجەكانی راگەیاندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی / عیراق، بە هاوكاری لەگەڵ كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی)، بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆنفرانسەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان لەلایەن پرۆفیسۆر د. رضا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەو بۆنەیەوە خوێنرایەوەو رایگەیاند: خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كە زانكۆی سلێمانی وەك یەكێك لە زانكۆ ئاستبەرزو پێشەنگەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق میوانداری كۆنفراسی زانستی نێودەوڵەتی (پەیوەندییەگشتییەكان و راگەیاندن لە سایەی پەیوەندیكردنی دیجیتاڵیدا)، دەكات ، ئەمەش بە ئامانجی زیاتر بەرەو پێشبردنی پرۆگرامەكان و ئاستی زانستی و خوێندن لە كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكان و بەرەو بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن لە بواری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكان لە ناوەندە ئەكادیمییەكان، تا بتوانین لە ئایندەدا ئەو بوارە گرنگە لە رووی زانستی سەردەمەوە زیاتر پەرە پێبدەین .

وتیشی: بەڕێزان خوێندنی  زانستەمرۆڤایەتییەكان هاوشێوەی زانستە سروشتییەكان بەردەوام لە پێشكەوتن و داهێنانی نوێدایە بۆیە پێویستە وەك ناوەندێكی ئەكادیمی و زانستی لەرێگەی پەیوەندییەكان بە جیهانی دەرەوەو خۆ نوێكردنەوە بە زانستی سەردەم لەرێگەی كەسانی شارەزاو بە ئەزموونی ناوخۆیی پەرە بەو بوارەگرنگە بدەین لە وڵاتەكەماندا، تا بتوانین ئاستی فیكری و دنیابینی هۆشیاری میللەتەكەمان زیاتر بەرزبكەینەوە، كە ئەمە پێویستییەكی گرنگی ئەم سەردەمەیە بۆ هەموو وڵات و میللەتێك.

پاشان تەوەری یەكەمی كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد كە لە لایەن د. ئیبتسام ئیسماعیل راگری كۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەكانەوە بەڕێوەبرا تێیدا میوانەكانی كۆنفرانس بابەتەكانی خۆیان لەسەر پەیوەندییە گشتییەكان و ئاستباشی راگەیاندن و پەرەپێدانی ئاستی ئەكادیمی راگەیاندن پێشكەشكرد.

 ئەم كۆنفرانسە ماوەی دوو رۆژ بەردەوامی دەبێت كە رۆژانی 23 و 24 ی1ی 2022، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی و بابەتی گرنگ لەسەر پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندن لەسەردەمی تەكنەلۆجیا پێشكەشدەكرێت.

 





 2022-01-23
 934