لە زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی مێژووی كورد لە ئاوێنەی دەستنووس و بەڵگەنامەكاندا بەڕێوەچوو



لە زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی مێژووی كورد لە ئاوێنەی دەستنووس و بەڵگەنامەكاندا بەڕێوەچوو

 [email protected]

لە زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەشی زانكۆی سلێمانی و زانكۆی جیهان لە ژێرناوی (مێژووی كورد لە ئاوێنەی دەستنووس و بەڵگەنامەكاندا)، بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ 15-2-2022، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. ڕەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئومێد رەفیق سەرۆكی زانكۆی جیهان -سلێمانی و  چەندین بەرپرسی حزبی و حكومی و مامۆستاو توێژەرو رۆشنبیرو كەسایەتی، لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی لە كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سلێمانی، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی مێژووی كورد لە ئاوێنەی دەستنووس و بەڵگەنامەكاندا، بەڕێوەچوو، بە هاوبەشی زانكۆی سلێمانی و زانكۆی جیهان- سلێمانی.
سەرەتای كۆنفرانسەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لەلایەن  پرۆفیسۆر د. ڕەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی خوێنرایەوەو رایگەیاند؛ زانكۆی سلێمانی وەك یەكەم زانكۆی (دایك) بەشانازییەوە ئەمڕۆ میوانداری كۆنفرانسی نێودەوڵەتی مێژووی كورد لە ئاوێنەی دەستنووس و بەڵگەنامەكاندا، دەكات، وتیشی: زانكۆی سلێمانی وەك ناوەندێكی زانستی و مەعریفی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە كە ئەو دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییانەی میللەتەكەمان كۆبكاتەوەو بیانپارێزێت و بەشێوەیەكی زانستی ئەرشیفیان بكات، كە سامانێكی گرنگی كلتووری و مێژوویی نەتەوەكەمانە، پێویستە بپارێزرێت و كۆبكرێتەوەو نەوەی نوێ و داهاتووی پێ ئاشنا بكرێت.
راشیگەیاند: زانكۆی سلێمانی چەندین ساڵە بە هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایان و رۆشنبیرانی كوردستان، دەستیكردووە بە كۆكردنەوەی ئەو دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییانەو ئەرشیفكردنیان بەشێوەیەكی مۆدێرن و زانستییانە، تاكو لە فەوتان رزگاربكرێن و ببنە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو توێژینەوەی لەسەر بكرێن، بۆ ئەوەش ناوەندێكی كردووەتەوە بە ناوی ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی، كە چەندین مامۆستاو كەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا كاری تێدا دەكەن.
وتیشی: ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسانەش بۆ خۆی بنەمایەكی گرنگ و هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكرێت، تاكو باشتر ئەو دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییانەی میللەتەكەمان كۆبكرێنەوەو بەشێوەیەكی زانستی و سەردەمیانە ئەرشیف بكرێن.
پاشان لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئومێد رەفیق سەرۆكی زانكۆی جیهان- سلێمانی، وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی جیهانی خوێنرایەوە، هەروەها لە لایەن د. هەردی مەهدی میكە، بەڕێوەبەری ناوەندی كوردستان بۆ دیكۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی و سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنفرانس وتەیەك پێشكەشكراو ئامانجی كۆنفرانسەكەو كارەكانی ناوەندی كوردستان بۆ دیكۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی روونكرایەوەو سوپاسی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كرد بۆ هاوكاریكردن و بەدەنگەوە هاتنیان كە رۆڵێكی گرنگییان هەبووە لە سەرەتای دامەزراندنی ناوەندەكەوە تاكو ئێستا، كە لەرووی ماددی و مەعنەوییەوە هاوكاری تەواوی ناوەندەكەبوون.
پاشان پانێڵەكانی كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد، كە رۆژی یەكەمی كۆنفرانسەكە چەند پانێلێك پێشكەشكران و پێشانگای زیرەكی دەستنووس و بەڵگەنامە، بەرووی ئامادەبوواندا كرایەوە.
بۆ سبەینێ چوارشەممە 16-2-2022، كارەكانی كۆنفرانس بەردەوامدەبێت و چەند پانیلێك بەڕێوەدەچێت.




 2022-02-15
 999