لەژێر دروشمی بەرەو راگەیاندنێكی بەرپرسی نیشتیمانی لە زانكۆی سلێمانی یادی 124 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی بەرز راگیرا



لەژێر دروشمی بەرەو راگەیاندنێكی بەرپرسی نیشتیمانی لە زانكۆی سلێمانی یادی 124 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردی بەرز راگیرا

 kosar othman([email protected])

 لەژێر دروشمی(بەرەو راگەیاندنێكی بەرپرسی نیشتیمانی)، لە یادی 124 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا، بەشی راگەیاندنی كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەكان و بەشی فیلم سازی كۆلێجی هونەرو بە بەشداری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە مەراسیمێكدا لە هۆڵی كۆنفرانسی كۆلێجی كارگێڕی و ئابوری، یادی رۆژنامەگەری كوردی كرایەوە.

سەرەتای مەراسيمەكەش بە ساتێك وەستان بۆ رۆحی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد، دواتر وتەی كۆنفرانس لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.  سەلام نەسرەدین سەرۆكی بەشی راگەیاندنی كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەكان پێشكەشكرا.

پاشان وتەیەك لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیبتسام ئیسماعیل راگری كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی بەو بۆنەیەوە پێشكەشكرا، هەروەها وتاری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەلایەن د. كاوە جەمال یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی خوێنرایەوەو رایگەیاند: بەبۆنەی یادی 124 ساڵەی دەرچونی یەكەم رۆژنامەی كوردییەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەین، راشیگەیاند: یەكێك لە سیمادیارەكانی هەر كۆمەڵگایەكی مەدەنی و بوونی دیموكراسی لە هەر وڵاتێكدا ئازادی كایەی رۆژنامەگەری و رۆشنبیرییە بۆیە رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین یەكێكە لە بنەماسەرەتاییەكانی دیموكراسی و كۆمەڵگای مەدەنی، وتیشی: خۆشبەختانە لە هەرێمی كوردستانیش ئەو بوارە گرنگە لە برەوێكی باشدایەو هیودارین زیاتر پەرەی پێبدرێت.

دواتر كورتە فیلمێك و چەند پرۆگرامێك كە بەرهەمی خوێندكارانی بەشی راگەیاندن و بەشی فیلم سازی زانكۆی سلێمانی بوون نمایشكران و پاشان پانێڵەكانی یادەكە دەستیپێكرد.

پانێڵەكە لە لایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. پاڤێ جەمیل بەرێوەبرا،

 كە لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیبراهیم سەعید بابەتێك لەسەر هۆشیاری تاك لەسەردەمی میدیای نوێدا پێشكەشكرا.

هەروەها لوقمان عەلی حسێن بابەتێكی لەسەر رەوشی كاری میدیا لە كوردستاندا لەبەر رۆشنایی ماددەی 19 ی جاڕی گەردوونی مافەكانی مرۆڤدا پێشكەشكرد، بابەتێك لە لایەن پرۆفیسۆری یاردەدەر د. زریان حاجی لەسەر رۆژنامەگەری كورد دیدێكی نوێ پێشكەشكرا ، پاشان مامۆستا كامیل عومەر بابەتێكی لەسەر فەیك نیوز لە سۆشیال میدیای كوردیدا پێشكەشكرد، لە كۆتایی پانێڵدا مامۆستا هاوڕێ مەحمود بابەتێكی لەسەر روانینێك بۆ رۆژنامەی كوردستان لە سێ گۆشەی جیاوازەوە پێشكەشكردو كۆتایی بە مەراسیمەكە هات.  

 





 2022-04-24
 244