بۆ رێزگرتن لە هەوڵ‌و ماندبوونەكانی پەیكەرێك لەناو زانكۆی سلێمانی بۆ پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ دروست دەكرێت



بۆ رێزگرتن لە هەوڵ‌و ماندبوونەكانی پەیكەرێك لەناو زانكۆی سلێمانی بۆ پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ دروست دەكرێت

 kosar othman([email protected])

بۆ بەرزراگرتنی هەوڵ‌و ماندبوونەكانی پرۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، نووسەرو مامۆستای كۆلیژی زمانی زانكۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەڕۆشنبیران و ئەدەب دۆستانی شاری سلێمانی مەراسیمێكی رێزلێنانی بۆ ناوبراو رێكخست. لەمیانی مەراسیمەكەدا، كە رۆژی چوار شەممە 8 حوزەیران لە كۆلیژی زمان بەرێوەچوو، پەردە لەسەر پەیكەری دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ لادراو كە لەسەر ئەركی بەرێز فاروق مەلا مستەفا دروستكرابوو.

هەر لە مەراسیمەكەدا باسی ژیان‌و بەرهەمەكانی دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، كە ساڵانێكی زۆر خزمەتێکی گەورەی بە بواری نووسین‌و ئەدەبی كوردی لە كۆلیژی زمان‌و تەواوی هەرێمی كوردستان ‌و عێراقیش كردبوو كراو چەند وتارێكیش پێشكەش كرا. د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، لە ساڵی 1934 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، بەیانی رۆژی ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. د. عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە، ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە لای باوکی لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە خوێندویەتی، پاشان ساڵی 1939 وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، پاش نیوەی ساڵ بەهۆی ئەوەی کە خوێندکارێکی وریابووە، کراوە بە خوێندکار و سەری ساڵیش بە یەکەم دەرچووە. دوای چوونی بۆ بەغدا، بووەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەی پێتەواو نەکراوە و دەرکراوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ساڵی دواتر چووەتە پۆلی چوارەمی بەشی زانستیی تەواو کردووە، لەو دەمەدا بەشی ئەدەبی لە شاری سلێمانی نەبوە، ساڵی دواتر کراوەتەوە، یەکێک لە مامۆستاکانی بە ناوی مووسا داوای لێ کردووە بچێتە بەشی ئەدەبی لە پۆلی پێنجەم لە خوێندنی شەوانە، پاش تەواوکردنی پۆلی پێنجەم، چووەتە بەغدا. ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا، بریندار بووە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریی کردنی لە راپەڕینەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی کرێکار دامەزرێندراوە. بەڵام لەبەر خراپی موتەسەریفی سلێمانی عیزەدین هەڵهاتووە بۆ شام و عیراقی بەجێهێشتووە، دووبارە لە کۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی 2-3ی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو کردووە، هەتا شۆڕشی 14 تەمووزی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی مامۆستایان دانراوە. پاشان تەواوی کردووە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کە یەکەم ساڵ بووە پێک هێنراوە دامەزرێنراوە. لەوسەردەمەدا عەبدولکەریم قاسم کەوتە ناردنی خوێندکار بۆ سۆڤیەت لەسەر ئەرکی دەوڵەت. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵیش یەکێکبووە لەو خوێندکارانەی چووەتە سۆڤیەت. دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باکۆ، 24/6/1963 پلەی دکتورای وەرگرتووە و پاشان بە داوای حیزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق. ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چووەتە شاخ و بووە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، 26/12/1966 بە هەوڵێکی مەلا مستەفای بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە. ساڵی 1979 چووەتەوە بۆ مۆسکۆ، درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرای و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە. لە ساڵی 1992 بووە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشوری کوردستان لەسەر لیستی ی. ن. ک بەڵام وەک کەسێکی بێلایەن. د. عیزەدین مستەفا یەکێکە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی عیزەدین نوسراوە. دەستەی دامەزرێن 11 کەس بوون. ساڵی 1969 مۆڵەتیان وەرگرتووە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەی دامەزرێن. بەڵام دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی 11ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، د. عیزەدین بە کۆی 63 دەنگ بووەتە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد. دکتۆر عیزەدین مستەفا لە ساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ کەسایەتیی ساڵ لە بواری ئەدەبدا وەرگرتووە.

 

 

 





 2022-06-09
 509