پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیۆكوردستان بەڕێوەچوو



پێنجەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیۆكوردستان بەڕێوەچوو

 [email protected]

ئەمڕۆ سێشەممە 20-9-2022، بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر د. كۆسار محمد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و چەندین بەرپرسی حكومی و حزبی و مامۆستاو توێژەری ناوخۆیی و عیراقی و بیانی، پێنجەمین كۆنفرانسی جیۆ كوردستان لە كۆلێجی زانست بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆنفرانس بە وتاری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. دیڤان عوسمان  سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری دەستیپێكرد، كە وێڕای بەخێرهاتنی میوانانی كۆنفرانس بە وردی باسی لە ئامانج و گرنگی بەستنی ئەم جۆرە كۆنفرانسانە كرد لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا، تێیدا چەندین توێژینەوەی گرنگ لەسەر بابەتی جۆلۆجی و ژینگەی و كەش و هەواو ئاوی كوردستان و ناوچەكە پێشكەش دەكرێت.

پاشان وتاری پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سۆران محمد مەمەند راگری كۆلێجی زانست  لەسەر پێنجەمین كۆنفرانسی جیۆ كوردستان، بەهەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی پێشكەشكراو رایگەیاند: وەك كۆلێجی زانستی زانكۆی سلێمانی، ئەمە پێنجەمین كۆنفرانسی جیۆكورستانە ئەنجامی دەدەین، كە تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی گرنگ پێشكەش دەكرێن لەسەر كێشەكانی ژینگە و سەرچاوەكانی ئاو مەترسییەكانی بە بیابانبوون، كە ئەم بابەتانە مەترسییەكی گەورەن لەسەر مرۆڤایەتی و جێگەی سەرنجن لەلایەن هەموو وڵاتانی جیهانەوە.

دواتر لەلایەن پرۆفیسۆر د. مارك ئاتویل مامۆستا لە زانكۆی لەندەن توێژینەوەیەكی لەسەر ژینگەی عیراق پێشكەش كرد.

هەرلەبارەی كۆنفرانسی پێنجەمی جیۆكوردستان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. دیڤان عوسمان  سەرپەشتیاری كۆنفرانسەكە رایگەیاند: پێش ئەم كۆنفرانسە چوار كۆنفراسی تر لەسەر جیۆ كوردستان ئەنجامدراوە، كە سەرجەمیان نێودەوڵەتین و چەندین توێژەری ناوخۆیی و بیانی لە چەندین وڵاتەوە بەشداریان تێدا كردووە ، ئامانجی سەرەكی كۆنفرانسەكە بۆ ئەوەیە لە رێگەی ئەو توێژینەوانەی كە لەسەر گۆرانكارییە جیۆلۆجی و ژینگەی و ئاوی كوردستان دەكرێت لەسەر ئەو كێشانەی، كە رووبەڕوی ژینگەو ئاوی ناوچەكەمان دەبێتەوەو بخرێنەڕوو، هەروەها چارەسەری گونجاویش بۆ ئەو كێشانە بدۆزرێتەوە كە رووبەڕوی ژینگەی ناوچەكەمان دەبنەوە.

وتیشی: ئەم كۆنفرانسە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، كە دوو رۆژیان پێشكەشكردنی سەرجەم توێژینەوەكانە، هەروەها لە رۆژی سێیەمدا گەشتێكی مەیدانی بۆ ناوچەكانی دۆڵەڕووت و كونەماسی سورداش رێكدەخرێت، بۆ خستنەڕووی جیۆلۆجیی ناوچەكەو ئەو كێشانەی، كە لەرووبەڕوی جیۆلۆجییەوە رووبەڕویان بوونەتەوە.

 





 2022-09-20
 176