سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری دکتۆر جەمال فوئاد دەکات


پرۆفیسۆر دکتۆر کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پرسەنامەیەکی ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری دکتۆر جەمال فوئاد وەزیری پێشووتری کشتوکاڵ لەحکومەتی هەرێمی کوردستان و مامۆستای زانکۆی سلێمانی کرد.
لە پرسەنامەکەی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی هاتووە، بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ژیانئاوایی (د. جەمال فوئاد)مان پێگەیشت، کە خۆی و بنەماڵە بەرێزەکەی لە رابردوودا، خزمەتێکی زۆریان بەشۆڕشی میلـلەتەکەمان و حکومەت و بواری زانست و ئەکادیمیای وڵاتەکەمان کردووەو لە زانکۆی سلێمانیش لە ساڵانی ١٩٧١-١٩٧٤ جێگری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و ڕاگری بەشی زانستی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی بووە.
هەر لە پرسەنامەکەدا هاتووە، بەم بۆنە خەمناکەوە بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و ئەنجوومەنی زانکۆوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەو بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەین و لە یەزدانی مەزن دەپارێینەوە کۆچکردو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شادبکات و سەبوری خانەوادەکەیان بدات.
دکتۆر جەمال فوئاد لە ساڵانی ١٩٤٨-١٩٤٩ دەستی کردووە بە خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی بەیروت و یەکێک بووە لە یەکەمەکانی ئەو ساڵی خوێندنە و بە پلەی (ناوازە) دەرچووە، لە ساڵی ١٩٥٢ باوەڕنامەی بەکالۆریۆسی لە (زانستی کشتوکاڵ) وەرگرتووە لە لایەن زانکۆی کارۆلاینای باکوور لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە ساڵی ١٩٥٣ باوەڕنامەی ماستەری وەرگرتووە هەر لە (زانستی کشتوکاڵ) لە زانکۆی ماریلاند لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٦١ دکتۆرای وەرگرتووە لە (زانستی جیناتی ڕووەک) لە زانکۆی مینیسۆتا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لەساڵانی ١٩٥٣-١٩٥٧ و هەروەها ساڵانی ١٩٦١-١٩٦٥ کاری کردووە لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، لە ساڵانی ١٩٦٥-١٩٧٠ و هەروەها ساڵانی ١٩٧٦-١٩٧٩ ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بووە لە دەزگایFAO .
لە ساڵانی ١٩٧٩-١٩٩١ ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی بووە لە بانکی جیهانی World Bank، لە ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٢ وەزیری ھاوکاری و کاروباری مرۆڤایەتی بووە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ٢٠٠٢-٢٠٠٣ وەزیری کشتوکاڵ بووە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

